کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژاپۆن هاوکارییە ماڵییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرت

12:17 - 22 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: گرووپی دارایی "میتسۆبیشی یوو.ئێف.جی" کە گەورەترین بانکی ژاپۆن بە ئەژمار دێت، سەرجەم هاوکارییە ماڵییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرت.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، کە دەوڵەتی ژاپۆن هاوکارییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە و لەو پێوەندییەدا گەورەترین بانکی ئەو دەوڵەتە چالاکییەکانی لە ئێراندا ڕاگرتووە.

ڕۆیتێرز لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا نووسیویە: ئەگەری زۆرە ئەو بانکەی ژاپۆن داوا لە موشتەرییەکانیشی بکات، دانوستان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕابگرن، چونکە دانوستانی بازرگانیی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی دامەزراوە داراییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت.

بڕیار وابووە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا، "شینزۆ ئابێ" سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن سەردانی تاران بکات، بەڵام ئەو سەفەرە هەڵوەشایەوە.

دوای ئەوەی کە ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام کشایەوە و گەمارۆوەکانی لەسەر ڕێژیمی ئێران سەرلەنۆی کارا کردەوە، زۆربەی ئەو کۆمپانیا جیهانییانە کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هاوکاری دەکەن، پرۆژەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە و گرێبەستەکانیان هەڵدەوەشێننەوە.

کشانەوەی ئەو کۆمپانیا و بانکانه ڕێژیمی ئێران و خەڵکەکەی تووشی قەیران کردووە و کومپانیا ئێرانییەکان و ئابووریی ئێران میلیاردها دۆلار خەساری دیوە و ڕێژیمی ئیرانیش بۆ قەرەبووی ئەو خەسارانە بە دوای کومپانیا چینییەکانە کە لەگەڵیان پێوەندی بازرگانی دروست بکات.