کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژمارەیەک هاووڵاتیی کورد، بە بۆنەی پشتگیری کردن لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەستبەسەر کراون

15:46 - 4 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران، ژمارەیەک هاووڵاتی کوردیان لە کاتی شادی وئاهەنگ‌گێڕاندا بە بۆنەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەستبەسەر کرد.

ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕەزبەر، هاووڵاتییانی کورد، لە شارەکانی کوردستانی ئێران، بۆ پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان هاتنە سەرشەقام.

خەڵک لە شارەکانی سنە، بانە، پیرانشار، بۆکان، مەهاباد، سەردەشت، سەقز، کامیاران، مەریوان و جوانڕۆ لە شەقامەکاندا جێژن و شادییان گێڕا.

هێزە ئەمنییەتییەکان لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، جوانڕۆ و سنە لەگەڵ خەڵك تێکەڵچوونیان بوو و چەندین هاووڵاتییان دەستبەسەر کردووە.

چەند کەس لە گیراوانی شاری پیرانشار بەم شێوەیەیە:

شۆڕش ئیبراهیمی
قادر ئازەربەرزین
سەلیم خزری
سۆران حسێن پوور
بەختیار مەعروفی
واحید

شایانی باسە، ئەم سێ هاووڵاتییە سۆران حسێن پوور، بەختیار مەعروفی و واحید پێش لە بەڕێوەچوونی شایی و خۆشی بۆ ڕێفراندۆم کاتژمێر ٧ی ئێوارە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانی شاری پیرانشار دەستبەسەر کراون.

سەرچاویەکی ئاگادار لە گیرانی ئەم هاووڵاتییانە ڕایگەیاند: ئەم گیراوانە بە هۆی پۆشینی جلوبەرگی کوردی و پشتیوانی لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەستبەسەرکراون.

هەروەها لە شاری بۆکان هاووڵاتییانی کورد لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات گیران.

لە شاری مەهابادیش هێزە ئەمنییەتییەکان، ژنێکی کوردیان بە ناوی ڕووناک ئاقایی بە هۆی بەرز کردنەوەی ئاڵای کوردستان دەستبەسەر کردووە.

ناوەنده ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن لە خرۆشانی خەڵکی کوردستان لە گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، هێزەکانی گاردی دژەشۆڕشی لە شارەکانی مەریوان، بۆکان و مەهاباد جێگیر کردووە.