کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژن لە ڕوانگەی شەھید دوکتور قاسملووەوە

20:17 - 15 رەشەمه 2718

سۆران شەمسی

ھەشتی مارس ڕۆژی جیھانی ژنە، ئەم ڕۆژە بیانوویەکە بۆ تیشک خستنە سەر جێگە و پێگەی ژن لە ئاستی نێودەوڵەتی، ئەم ڕۆژە سەرنجی بۆ لای ژن راکێشاوە و ڕێز و حورمەتی تایبەتی بۆ داناوە، ڕێبەری شەھید، دوکتور قاسملوو بە کەڵکوەرگرتن لە فێرگە و پەروەردەکانی تایبەتی دیموکراتیک بوو کە بە ڕۆڵی ژنان جێگایەکی تایبەتی بەخشی و بە بەشداری کردنی ژنان لە بڕیارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا بە ھەمووانی سەلماند کە ژنان دەتوانن لە خزمەت کردنی وڵات و کۆمەڵگای خۆیان لەگەڵ پیاوان ھاوڕێ و ھاوھەڵوێست بن، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بیر و هزری شەھید دوکتور قاسملوو کە پێویستی بە لێکدانەوەی زیاتر ھەیە، باوەڕی بەڕێزیان سەبارەت بە پێگە و ڕۆڵ و ئیعتباری ژنان لە نێو کۆمەڵگادا بوو، ژن لە کلتووری کۆمەڵگای ئێراندا له نێوان دوو فکریەت و تێڕوانینی ڕادیکاڵ و پەڕگیرانە و سووککردن وەیلان بووە و نماد و سیمبۆلێکی ڕوون لە ڕەوشتی ژیانی ژنان کە ھێشتا لە نێو کۆمەڵگای ئێراندا نەھادینە نەبووە، زۆربەی کێشە و ئەو پرسیارانەی کە پەیوەندیدارن بە پرسی ژنانەوە ڕیشەی لەم قسەدا ھەیە، لە ڕوانگەی مێژووییەوە دەتوانین بە دوای تێڕوانینێکی ئیفراتیگەرایانە (توندوتیژییانە) لە ئیستڵاحات بگەڕێین، بەڵام لە دۆخی ئێستایشدا بیروباوڕێک لە ناوەڕۆکی ژیانی فەرھەنگی و کۆمەڵایەتیی وڵاتدا بوونی ھەیە کە عامڵ و ھەڵگری ڕوانگەی ئیفراتییگرایانەیە بەرانبەر بە ژنان، لە بەرانبەریشدا دوو ڕوانگە و تێڕوانینی ئیفراتییگرایانە بوونی ھەیە، ئەم تێڕوانینە لە ناوەڕۆکی ژیانی نەریتپارێزانە (سُنتی) و کۆمەڵگادا جێ کەوتووە و ڕادیکاڵترین شێوازی ئەم تێڕوانینە، ڕوخسار و لێکدانەوەی کەسایەتی ژنە لە نێو فکریەتی رێژیمی حاکمدا کە ھەر دوو تێڕوانینەکە لێکدانەوەیەکی ڕاستەقینە (تفسیر حقیقی) و مرۆڤایەتیی بەرانبەر بە ژن نییە و ھەردووکیان ژن بە کۆیلە و خزمەتکاری ڕەگەزی بەانبەر دەبینن، بەڵام یەکیان بە توندوتیژی ڕوون و ئاشکرا، ئەوی تریان بە توندوتیژییەکی نمادینە و سمبۆلیک، تاکوو سەردەمانی ڕێبەری شەھید ئەم دوو تێڕوانینە لە نێو کۆمەڵگادا ھەبوون و خۆیان دەنواند، بەڵام تڕوانینی سووککردن زیاتر توانایی بیرۆکە (اقتدار فکری) و کردەوەیی ھەبوو، لە وەها بارودۆخێکدا  کە زۆربەیان دژایەتی چالاکی ژانانیان دەکرد و لە گوڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا و بە توندی بەرگریان لە بەشداری ژنان دەکرد، دوکتور قاسملوو بە ڕوونی دەیفەرموو کە ژنان وەکوو پیاوان خاوەنی ھەموو مافێکی مرۆڤایەتین و بێبەشکردنی نیوەی پەیکەری کۆمەڵگا لە مافە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ھیچکات درووست نییە و ھەڵەیەکی گەورەیە، لە وتار و وێژمانی دادپەروەریی دوکتور قاسملوودا ھەروەھا کە باسی نەتەوە، زمان و نژادی قبیح و مەزموم دەبوو، هەڵاواردنی ڕەگەزی و پیاو بە گەورە زانین بەرانبەر بە ژن، لە نێو بیر و هزری دوکتور قاسملوودا ھیچ جێگا و پێگەی نەبوو و بە ھیچ شێوازێک پەسەندکراو نەبوو، چونکە ئەساسی دابینکردنی ئیمتیازات و دەسکەوتەکان، تایبەتمەندی ئیکتسابی کەسایەتییەکان بوو نەک تایبەتمەندی ئینتسابی و ژینگەیی و لە دەرەوەی دەسەڵات و ئێختیاریی مرۆڤ، لەسەر ئەم بنچینەیە کە ژنان لە کۆمیتەی ناوەندی حیزب بانگێھشت کران و کۆمیتەی ژنانیان رێک خست، ئەم کارەی ڕێبەری شەھید، یەکێک لە هەوڵەکانی نیازپاکی بۆ درووستکردنی مرۆڤی سیاسی، گۆڕینی ڕێگای مێژووی سیاسی و ئیجرایی کردنی دادپەروەرییی کۆمەڵایەتی بوو، هزری دوکتور قاسملوو لە کاتی خۆیدا، هزر و فکریەتێکی مۆدێڕن و جێگای ڕێز و حورمەت بوو، دیارە پێویستە لەگەڵ بارودۆخی کات و زەمان پێداچوونەوە و لێکدانەوەی لە سەر بکرێت، ھۆکاری سەرکەوتن و سەروەری ئەم تێڕوانینە ئەوەیە کە یەکەم ڕوانگەیەکی مرۆڤانەی ھەیە، دووھەم واقیعگەرایانەیە و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ کردەوەکانی جێکەوتووەکاندا دژایەتی ناکات تاکوو بە چارەنووسی ڕوانگە و تێڕوانینی پەڕگیرانە تووش ببێت، لە لایەکی دیکەوە مافی بنچینەیی و مرۆڤایەتی ژنان لەم بارودۆخەی ئێستادا گۆنجاندووە و وەکوو بیرۆکەی سووککردن نییە کە مافی بنچینەیی ژنان پێشێل بکات، سێھەم لە کاتی خۆیدا تێگەیشتنی باشتری لە ڕەنج و ئازارەکانی ژنان هەبووە و ڕێگاچارەیەکی باش و پلانێکی تایبەتی بۆ ئەوان دابین کردووە، بە پێچەوانەی بیرۆکەی پەڕگیرانە کە تێگەیشتنێکی باشی لە کێشە و پرسی ژنان نەبووە، تێڕوانینی درووست بۆ ژنان و چارەسەری کێشەی ژنان لە گرەوی ڕەونەق بەخشین بە سەبکی ژیان و پێشکەوتنی کۆمەڵگای دەبینی، بۆیە ماف و ئیمتیازاتی زۆری بۆ ژنان دابین دەکرد و گرینگی ئەم تێڕوانین و فکریەت و بیرۆکەیە لە ناوەڕۆکی ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی بۆ ژنان بوو،

نەک وەکوو رێژیمی کۆنەپەرست کە بە دوای سیمای باشی ژن لە ڕابردوودا دەگەڕێت و ژن لە ناو ماڵدا گەمارۆ دەدات و دەیبەستێتەوە و بە ھۆی دژایەتی لەگەڵ هزری سەلیم و پاک و پێداویستییەکانی ژیان لە دۆخی ئێستادا، بە ھۆی هاتنە ئارای پرسە تازەکان لە زەمینەی ژناندا، لە ڕێگای فریودان، زوڵم و زۆر و سەرکوت تاکوو ئێستای حکوومەت خۆی ڕاگرتووە، ئەم کارانە لە داھاتووشدا بەرەو حاشیە دەچێت، چون وڵامدەری پرسەکان و پێداویستیەکانی ئەمڕۆ و ئێستا نییە، تەواوکەری تێڕوانینەکانی رێبەری شەھێد، دەتوانێت زۆربەی کێشەکانی تێئۆریک و کردەوەیی کە لە بەرانبەری ژناندا ھەیە چارەسەر بکات، ھەروەھا خاوەنی تێڕوانینێکی پەڕگیرانە و سووککردن لە زەمینەکانی کۆمەڵایەتیدا ڵامدەرەوەی ئێمە نەبووە و نییە، وڵامدەری ئەو پرسانەی بوونیان هەیە لە ئاستی ژنان و بنەماڵەکانیش نییە، تەنانەت دەتوانین بڵێین کە تێڕوانینی ڕادیکاڵ و پەڕگیر و سووککردن دوو ڕووی دراوێکن، پەرەپێدانی یەکلایەنە (پەڕگیر) دەبێتە بیانوویەک بۆ پەرەسەندنی لایەکی تر (سووککردن)، بۆیە پێویستە کە بۆ کەم کردنەوەی ڕەنج و ئازارەکانی مێژووی ژنان، ستراتیژییەکی واقیعگەرایانە کە ھاوکات بێت لەگەڵ بارودۆخی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی دابین بکەین. لە ئامانجە ھەرە گرینگەکانی دوکتور قاسملوو کە بە کردەوەیی کردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و لەنێوبردنی ھەموو هەڵاواردنەکانە، ھێشتا لە نێو کۆمەڵگادا هەڵاواردن و نادادپەروەریی ھەیە و مافی خەڵک پێشێل دەکرێت، دوکتور قاسملوو دەیزانی کە تاکوو دادپەروەری و دێموکراسی دانەمەزرێت و تا هەڵاواردن و ستەم لە نیشتماندا ڕیشەی دانەپڵۆسێت، ھیچکات خەڵک نابنە خاوەنی وڵاتێکی ئازاد و پێشکەوتوو، دوکتور قاسملوو بە درووستی لە ھەموو ڕەنج و ئازار، دژواریی و کێشە و ناخۆشییەکانی کۆمەڵگا تێدەگەیشت، چونکە خۆی لە نێو ئەم ڕەنج و ئازار و دژوارییەدا ژیانی کردبوو، بێگومان شەھید دوکتور قاسملوو فریشتەی ئازادیی خەڵکی ھەژار و چەوساوەی نیشتیمان بوو، بۆیە ناتوانین شەخسییەت و کەسایەتی دوکتور قاسملوو تایبەت بە نەتەوەیەک بزانین چون ئەو مرۆڤایەتییانە بیری دەکردەوە و مرۆڤایەتییانە دەچووە پێش و دادپەروەریی و یەکسانیی بۆ ھەموو مرۆڤەکان دەویست، رێبەری شەھید

ڕۆڵی ژنان لە بنەڕەتیتڕین ئوسووڵ و پرنسیپی ھەر ڕێکخراو و دامەرزاوەیەکی کۆمەڵایەتی و سەربازیی و سیاسی دەزانی و بۆ دایکان لە بە ئاکام گەیشتنی شۆڕشی گەورەی فکری و ھەروەھا پەروەردە کردنی منداڵان ڕێزێکی تایبەتی دادەنا، دوکتور قاسملوو دەیزانی کە ژن لە ئێران لە نێو زیندانی کۆنەپەرستانەی سەدە نێوەڕاستیدا گیری کردووە، ژنێک کە بە ئاسانی لەلایەن بنەماڵەکانەوە بە دانانی شیرواوری دەکرێت و دەفرۆشێت، ژنێک کە ھیچکات ڕەزایەتی خۆی لەبەر چاو ناگیردرێت بۆ بە مێرددانی و وەکوو بووکەڵەیەکی منداڵان لە ماڵدایە و لە ڕاستیدا ھیچ ڕۆڵێکی لە بەڕێوەبردن و پێشبردنی ئامانجە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیدا نییە و تەنیا دووپاتکردنەوەی ئەو کارانەیە کە پێی گوتراوە و دابینیان کردووە و بە سەریدا سپاوە، دوکتور قاسملوو ھات و بە فکریەت و بیرۆکەیەکی پێشکەوتووانەوە بایەخی بە ژنان بەخشی و جەختی لە سەر ڕۆڵی ژنان و دابینکردنی ڕۆڵی کردەوەیی کردەوە و ھەنگاوێکی ڕچەشکێن و گەورەی بۆ یەکەم جار لەو بارەوە ھەڵگرت، کەسایەتییەک کە لە قەیرانترین بارودۆخدا هاواری دادپەروەرییی کۆمەڵایەتی و بەشداری کردنی خەڵک لە دەسەڵات و مافی چینی چەوساوە و بەشخوراو، هەروەها باسی ھەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە و یەکپارچەیی و یەکڕیزی نەتەوەیی دەکرد. دوکتور قاسملوو بە توندی و بەجیددییەتەوە لە مافی ژنان و مافی نەتەوەکان بەرگریی دەکرد، دژی شەڕ بوو و لە قسەکانیدا چەندین جار ھاتووە کە شەڕەکان بە سەر ئێمەدا سەپاون و ئێمە شەڕ ناکەین و داوا ڕەواکانی خۆمان لە ڕێگای وتووێژ و بێ شەڕکردن چارەسەر دەکەین، دوکتور قاسملوو زۆر بەباشی ھەستی بە بێبەشبوونی کۆمەڵایەتی و دەمارگرژییەکان، نادادپەروەرییەکان، زۆرەملێ و خۆسەپاندن و زوڵمە کۆمەڵایەتییەکان کردبوو.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.