کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنانی ئێران لە بازاڕی کاردا، دەچەوسێنەوە

12:00 - 12 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتی تەعاونی ڕێژیمی ئێران رایگەیاندووە، ٩٠ لەسەدی ئەو کەسانەی کە لە ماڵەوە کار دەکەن، ژنانن؛ ئەوان بەو ڕێژە زۆرەوە داهاتێکی کەمیان هەیە و لە مافی بیمەش بێبەرین.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ناوەندی ئاماری رێژیمی ئێران، نرخی بێکاریی ژنان بە نیسبەت پیاوان لە بەهاری ڕابردوودا زۆرتر بووەتەوە.

هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژنان لە شارە بچووکەکاندا بە هۆی زاڵبوونی نەریت و نەخوێندەواربوون، دەرفەتی بەشداریی لە کارە فەرمییەکانیان پێ نادرێت و زۆرتر بەو کارانەوە خەریک دەبن کە لە ماڵەوە ئیمکانی ئەنجامدانیان دەڕەخسێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکوومەتیی "ئیلنا"، ئەو ژنانەی کە لە ماڵەوە کار دەکەن، سەرەڕای ئەوەی کە کارەکەیان لە یاسای کاردا جێگە ناگرێ لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە بەرەوڕوو دەبنەوە، کە نەبوونی بیمە یەکێک لەوانەیە؛ ئەمە لە حاڵێکدایە کە پیشە دەستییەکان لە گرینگترین کارەکانی ئەم بوارەیە و وەکوو گرینگترین بەشەکانی بەرهەمهێنان بە ئەژمار دێت.

هەر لەم پێوەندییەدا، ژنان بە هۆی نەبوونی سەرمایەوە ناتوانن پێداویستییە سەرەتایییەکانی کارەکانیان دابین بکەن، بۆیە ڕۆژانە زیاتر لە ١٨ کاتژمێر بەو کارەوە خەریک دەبن، تاکوو بتوانن لە ماوەی دوو مانگدا فەرشێکی ٦ مەتری تەواو بکەن و مووچەیەک لە ئاستی ٣٨٠ هەزار تمەندا وەربگرن؛ لە لایەکی تریشەوە لە کارگەکاندا هەر ئەو فەرشە بە مووچەی ٩٥٠ هەزار تمەنەوە تەواو دەکەن، کە لە لایەن خاوەنی کارگەوە لە کۆتاییدا بە ١١ میلیۆن تمەن دەفرۆشرێت.

ژنان لە زۆربەی بنەماڵەکاندا ئەرکی دابینکردنی پێداویستییەکانی بنەماڵەیان لەسەر شانە و بۆ ئەم مەبەستەش ڕوو لە کارە دەستییەکان دەکەن، کە بتوانن ئەرکی نێو ماڵ و دەرەوە پێکەوە بە ئەنجام بگەیەنن، بەڵام نەبوونی بیمە و کەمبوونی داهاتی کارەکشیان بووەتە کۆسپێکی گەورە و هەندێ کەس و لایەنیش لە ڕێگای دانانی کارگە و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتایییەکانی کارەوە، بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان، دەست بە چەوساندنەوەی ئەوان دەکەن.