کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنبوون بە چ واتایەک دێت؟

18:07 - 4 جۆزەردان 2719

ئاویەر شێخی

ژنبوون؛ دەقی ئەم وشەیە هەڵگری چ پەیامگەلێکە و چ چەشنە سیمایەکی واتایی هەڵگرتووە؟

دەسەڵاتی پیاوسالار و چەقبەستووی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بەردەوام هەوڵی داوە ژنبوون لە چوارچێوەی واتاگەلێکی وەک: لاوازی، بێدەسەڵاتی، ملکەچبوون، ژێردەستەبوون، شەرم، ئامراز و ئامێرێک و ...هتد پێناسە بکەن.

ئەم واتا نەرێنیانە بۆ ژن، کاریگەرییەکی وای لە سەر ژن لە ئێراندا بەگشتی داناوە، کە بەو شێوەیە چاو لە خۆی بکات و مافگەلێکی سەرەتایی وەک پۆشینی ئارەزوومەندانەی جلوبەرگ بکاتە ئامانجی سەرەکی ژیانی خۆی. شیاوی ئاماژە پێدانیشە، کە سەرکوتە بەردەوامەکانی ژنان لە لەلایەن کۆمەڵگا و بنەماڵەوە بەردەوام دەبێتە هۆی دروستکردنی گرێگەلی ڕۆحی، کە ژن لە واتا و هێزە ڕاستەقینەکەی خۆی دادەبڕێت و بە دوای پرسگەلێک لە بابەتی جوانکاری و نەشتەریگەلێکی ناپێویستدا بڕۆن و خۆیان تەنیا لەو چوارچێوەیەدا ببیننەوە، کە ڕۆژانە لە شەقامەکاندا نموونەی بەم شێوەیە ببینین.

ژنانی کورد بە بەشدارییان لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان چ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بێت یاخود ناڕاستەوخۆ، بە دژی ئەم سیاسەتانەی دەسەڵاتی پیاوسالار و کۆنەپەرستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا چوونەتەوە.

بە چاوخشاندنێک بە یاسا و ڕێساکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە قووڵی ئەم ڕاستییە تێدەگەین، بۆ نموونە لە چوارچێوەی یاساکانی ڕێژیمی ئیسلامیدا، ژن توانای خۆبەربژێرکردنی بۆ سەرکۆماری نییە، ژنێکی مێرددار توانای دەرهێنانی پاسپۆڕت و چوونە دەرەوەی بێ ئیزنی مێردەکەی نییە و چەندین یاسا و ڕێسای دیکە کە ژنبوون تەنیا وەک هاووڵاتییەکی ژمارە دوو و کەسێک لەژێر دەسەڵاتی پیاودا پێناسە کراوە، لە کۆتاییشدا ئیزندان بە هاوسەرگیری کاتی "صیغە"، کە لێرەدا ژن تەنیا وەک ئامرازێکی جنسی بۆ دامرکاندنی ئارەزووی جنسی پیاو بەکاردێت.

ئەم دۆخەی ژنان لە کوردستاندا لەچاو ناوچەکانی دیکەی ئێران زۆر دژوارتر و نالەبەرترە، ئەگەر ژنانی فارس تەنیا جارێک بەهۆی ژن بوونیانەوە بچەوسێنرێنەوە، ئەوا ژنانی کورد دووجار؛ جارێک بەهۆی کوردبوون و جارێکی دیکە بەهۆی ژن بوونیانەوە، دەکەونە ژێر چەوساندنەوەکانی دەسەڵات.

بە چاوخشاندنێک بە ئامارە بڵاوکراوەکانی پێوەندیدار بە توندوتیژییەکان بەرامبەر بە ژنان زیاتر ئەم ڕاستییە تۆقێنەری کۆمەڵگای کوردستان بەتایبەتی و ئێران بە گشتیمان بۆ دەردەکەوێت، بەپێی ئامارێکی بڵاوکراوە لە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ساڵی ١٣٩١ەوە هەتا یەکەمەکانی مانگی سەرماوەزی ١٣٩٧، ١٥٥ ژن کوژراون، کە دەکرێت ئەم ڕێژەیە زۆر بەرزتر بێت چونکە زۆربەی ڕووداوی کوشتنەکان لەلایەن بنەماڵەی ژنانی کوژراو و بکوژەکانییانەوە هەوڵی داپۆشینیان بەبیانووی پاراستنی شەرەف و نامووس و هۆکارە سوننەتییەکانیانەوە دەدرێت.

ئەم زوڵم، هەڵاواردن و چەوساندنەوانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ژنان لەگەڵی ڕووبەڕوون و هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ پێناسەکردنی دەستەواژەی "ژنبوون" لە چوارچێوەی کەسێكی ژێردەستە و دروستکراو لە پارچەی پەراسوویەکی پیاو دەدرێت، کاریگەری لەسەر بیر و ژیانی ژنان داوە و هەر لەو ڕوانگەوە لە خۆیان دەڕوانن. لەسەر بوونی ئاماری نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری، بەکارهێنانی زێدەڕۆیانەی بابەتەکانی جوانکاری، شێوازی ڕوانینیان لە ژیان و ئامانجەکانیان جەختکردنەوەیە لەسەر ئەم ڕاستیە، بەڵام دەکرێت بڵێین کە ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا  بەتەواوی کەوتبێتە ژێر شێوازی بیرکردنەوە و تەنیا لە چوارچێوەی ئەو جۆرە بیرکردنەوانەدا خۆی ببینێت؟

بە ئاوڕدانەوە لە چالاکییەکانی ژنان لەم چەند ساڵەی دواییدا و بەشداریکردنیان لە چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکان و بۆنە نەتەوەییەکاندا بەشێوەیەکی بەرفراوانتر لەچاو ساڵانی پێشوو، دەتوانین بڵێین کە ژن بەرەو دۆخێكی باشتر هەنگاو دەنێت و لە هەوڵدایە بۆ پێناسەکردنی دووبارەی پێوەرکانی ژنبوون لە دوور لە یاسا و ڕێسا داسەپێنراوەکانی کۆمەڵگا و دەسەڵات دەدات.

بەشداری چالاکانە سەرەڕای بوونی هەموو گوشارەکان بۆ سەر ژنان، بەستنەوەیان لە چوارچێوەی ماڵ و هەوڵدان بۆ باوەڕپێهێنانیان بەوەیکە دەبێت ژێردەستەی پیاوان بن، ژنانێک هەن بە سەر هەموو ئەو کۆسپ و بەربەستانەدا زاڵن و بەبەشدارییان لە چالاکییە مەدەنی، سیاسی و بۆنە نەتەوەییەکاندا جەخت لە بوونی خۆیان دەکەنەوە.

ژنانێک ژنبوونی خۆیان لە چوارچێوەی یاسا پیاوسالاریی و کۆنەپەرستانەکانی ڕێژیم دێننە دەر و بە تەواوی سیما ژنانەکانی خۆیانەوە هەوڵ بۆ سەلماندنی خۆیان دەدەن. زۆربەی ئەم ژنانە لەم پێناوەدا تاوانبار دەکرێن بە شکاندنی نۆرمەکانی کۆمەڵگا و لەلایەن دەسەڵاتەوە بەپێی یاساکانی هەوڵی سەرکوت کردنیان دەدات، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا ژنانێک هەن کۆڵیان نەداوە و بەردەوامن بۆ بەدەستهێنانەوەی بەها و مافە ڕەواکانی خۆیان.

هەر یەک لەم ژنانە بە ڕێگا و شێوازی جیاواز لەم پێناوەدا هەوڵ دەدەن؛ هەندێکیان چەکی خەبات هەڵدەگرن و بە پەیوەستبوونیان بە ڕیزەکانی شۆڕش، خەبات بۆ مافەکانیان دەکەن و بوونیان لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا پێچەوانەکردنەوەی هەموو یاسا داسەپێنراوەکانی کۆمەڵگایە. یاخود ژنانێک بە بەشداریکردنیان لە نێو ناوەند و ئەنجومەنەکان و بە پێنوس و لە ڕێگای جیاوازەوە هەوڵی دروستکردنی گۆڕان دەدەن.

دەتوانین بڵێین هەرچەنێک کۆمەڵگا و دەسەڵاتی پیاوسالاری و دیکتاتۆری ڕێژیمی ئیسلامی هەوڵی بۆ بەستنەوەی ژن داوە لە چوارچێوەی دید و بۆچوونە کۆنەپەرستانەکانی خۆیدا داوە، ژنان بەبوونیان و هەوڵدانیان تروسکاییەک بۆ دروسکردنی گۆڕانکاری و هیوایەک بۆ دووبارە سەرلەنوێ بونیادنانەوەی بەها و پێوەرەکانی ژنبوون دروست دەکەن و دەبەخشن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.