کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژنڕاڵ گادی ئایزنکوت: ئیسراییل هەزاران مۆڵگەی ڕێژیمی ئێرانی لە سووریە وێران کردووە

16:43 - 24 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: ژنڕاڵ گادی ئایزنکوت، بەرپرسی ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی سپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: ئیسرائیل هەزاران مۆڵگەی ڕێژیمی ئێرانی لە سووریە کردووەتە ئامانج و لە ئاکامدا وێرانی کردوون.

ژنڕاڵ گادی ئایزنکوت، بەرپرسی ناوەندەی فەرماندەیی هێزەکانی سپای ئیسراییل کە خولی چوارساڵەی بەرپرسایەتی و پێسپێردراویی ناوبراو بەرەو کۆتایی دەڕوات، بەم بۆنەیەوە لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی وڵاتی ئیسرائیل، لەسەر ئۆپراسیۆن و هێرشەکانی سپای وڵاتەکەی بۆ سەر مۆڵگەکانی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان لە سووریەدا، ڕایگەیاند: هێزەکانی سپای ئیسرائیل، هەزاران مۆڵگەی سپای قودس و هێزەکانی تری سەربە ڕێژیمی ئێرانی لە سووریە کردووەتە ئامانج و لە ئاکامدا وێرانی کردوون.

وتەبێژی سپای ئیسرائیل دوو مانگ پێش ئێستا ڕایگەیاند: هێزەکانی ئیسرائیل لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ۲۰۲ هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر خاکی سووریە ئەنجام داوە، ڕادیۆ دەنگی ئیسرائیل لەم بارەوە پێی وایە کە لە هەر ئۆپراسیۆنێکی فڕۆکەکانی ئیسرائیلدا چەندین مۆڵگەی سەربازیی و کۆگای چەک و تەقەمەنی و کەرەستەکانی تری سەربازیی سپای قودس و حیزبوڵڵای لوبنان و هێزەکانی تری سەربە ڕێژیمی ئێران، کراونەتە ئامانجی هێرشەکان و لە ئاکامدا تێکڕووخاون.

ژنڕاڵ ئایزنکوت، هەروەها لە وتووێژێکدا لەسەر تیرۆریست قاسم سلێمانی، وتوویەتی: ئەگەر فەرماندەی لقی قودسی سپای پاسداران لەو گومانەدایە کە بتوانێت سووریە وەکوو بنکەیەکی گەورەی سەربازیی بۆ سەر ئیسرائیل بەکار بهێنێت، ئەوە بە تووشی هەڵەیەکی گەورە بووە.

هەروەها لەم پێوەندییەدا لە وڵامی پرسیارێکی هەواڵنێرێک کە ئەگەری هەیە ئیسرائیل قاسم سلێمانی بکوژێت؟ وتوویەتی: "هەر کەسێک کە ئاسایشی ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە، خۆی لە مەترسییەکی گەورەدایە".

بە هەڵسەنگاندنی بەرپرسی ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل، گومانی ئەوە هەیە کە ڕێژیمی ئێران بیهەوێت لوبنان وەکوو سووریە بکاتە بنکەیەکی سەربازیی خۆی بە دژی ئیسرائیل و لەم بارەوە ڕایگەیاند: بەو شێوەیەی کە لە سووریە ڕووبەڕووی ڕێژیمی ئێران بووینەوە، ئەگەر هەست بکرێت کە ڕێژیمی ئیسلامی لە هەوڵی ئەوەدایە کە لە لوبنان هێزە سەربازییەکانی خۆی جێگیر بکات، لەوێش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سپای قودس، هەوڵی پێویست دەدەین.