کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ژیانی بێکاری و بێکاری لە ژیاندا

10:27 - 9 گەلاوێژ 2719

ڕۆژان سۆفی‌زادە

بێکاری یەکێکە لەو کێشە و گرفتە ئاڵۆز و سەختانەی ژیان. ئەگەرچی بێكاری زیاتر وەك دیاردەیەكی ئابووری دێتە ئەژمار، بەڵام لەبەرئەوەی ڕەنگدانەوە نەرێنییەكانی لەسەر هەردوو لایەنی دەروونی و تەندروستی و خێزانیی تاك و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و ئاسایش و ئابووریی كۆمەڵگە كاریگەر و مەترسیدارە، بۆیە دەكرێت هەر كاتێك باس لە بێكاری بکرێت وەك دیاردەیەکی ئابووری، لەهەمان كاتدا وەك پەتایەكی كۆمەڵایەتی و دەروونیش بناسێنرێت. ئەگەرچی بێكاری زیاتر لە سەر کۆمەڵگا و ڕەوتی ژیان و شێواندنی باری دەروونی و گۆڕینی شێوەی گوزەران کاریگەرە، لەهەمان کاتدا لەسەر تێکدانی بیرکردنەوە و تێڕوانین لە ئایندە و پێشەڕۆژی نەوەکانی داهاتوو، لە بنیاتنانی بنەما سەرەکییەکانی شارستانییەت و پێشکەوتن و زانستدا، کاریگەریی نێگەتیڤی دەبێت.

بەداخەوە لە ئێستادا کەسانێکی زۆر کەم ھەن لە بێکاریدا خۆیان بە شتێکی باش و پۆزەتیڤەوە سەرقاڵ بکەن، زۆرێک لە بێکاریدا پەنا بۆ کاری ناشایست و تاوان دەبەن، ئەمەش زیان بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت.

بێکاری چەند لەڕووی ئابوورییەوە زیان بە کەرتی بەرهەمهێنەر دەگەیەنێت و باری ئابووری قەڕباڵغ و نائارام و شێواو دەکات، کۆسپ بۆ ئەو حکوومەتەش دروست دەبێت کە لەو سەردەمەدا خاوەن دەسەڵاتە و ئەوانیش بەشێکن لەو کێشەیە... ئەمە سەرەڕای ئەوەی کێشە و گرفتی دەروونی لەنێو ئەو کەسانەدا دروست دەکات کە بێکارن، کاریگەریی خراپیشی دەبێت بۆ سەر ژیانیان. ئەوانەی کە خێزاندارن لە نێو خێزانەکانیاندا کێشەیان بۆ دروست دەبێت و ئەوانەی کە گەنجن تووشی کێشەی ئەوە دەبن کە ناتوانن بنەماڵە پێکەوە بنێن باری دەروونیی ئەو کەسە دەشێوێنێت.

دەسەڵات و توانایی چارەسەرکردنی ئەم شێوە گرفتانە لە وڵاتێکی دێموکراتیک و پێشکەوتوودا، وەک ئەرکێکی سەرەکی کە خۆی لە پلاندانان و شێوەی کارکردن و داڕشتنی ئایندەی کارو یاسای کارکردن و پاراستنی مافەکانی ھەر چین و توێژێک ھەبێت کە بواری کاری بۆ بڕەخسێت لە پیشەی خۆیدا، مافەکانی بۆ دەستەبەر دەکرێت بەڵام لە وڵاتێکی دیکتاتۆرلێدراوی وەک ئێراندا ھیچ کام لەو ئەرکە سەرەکییانە نابینرێت کە جێبەجێ بکرێت و مافی ھەموو چین و تویژی جڤاک پێشێل کراون.

ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ڕێژەی بێکاری تێیدا ئێجگار زۆرە و بەرۆکی گرتووە و بووەتە دیاردە لەو وڵاتەدا، ئەمەش بارودۆخ و ژیانی خەڵکی بەرەو ئاڵۆزی و شێواوی بردووە. زۆربەی ئەوانەی خۆیان دەکوژن یان دەبنە کەسانی تووشبوو بە ماددە سڕکەرەکان، لەو کەسانەن کە بێکارن و کاریان دەست ناکەوێت. بێزاری لە ژیان و دوورکەوتنەوە لە هەموو کەس و دەست بردن بۆ هەموو کارێک بۆ پڕکردنەوەی کاتی بێکاری و بێزاری لەو دۆخەی کە تێیدایە، ئەمەش بووەتە هۆکارێک کە باری کۆمەڵایەتیی ئەو کۆمەڵگای شێواندووە و گەندەڵی و یاسا و ڕێساکان لە ڕەوتی ئاسایی خۆی لای داوە و باری کۆمەڵایەتیی تووشی گرفتی لێکدابڕان و دوورکەوتنەوە کردووە. لاوان بەهۆی ئەوەیکە کاریان دەست ناکەوێت ڕوو لە هەندەران دەکەن، یاخود ئەگەر نەتوانن بەو شێوەیە خۆیان لەو بارودۆخە ڕزگار بکەن، ئەوا بە یەکجاری کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن و پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن.

ڕێژەی بێكاری لە پارێزگاكانی كوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، زۆرتر لەوەیە كە هەواڵدەری و ناوەندە فەرمییەكانی ڕێژیمی ئیسلامی ئاماژەی پێدەکەن.

سەرجەم ئەو خاڵە نەرێنییانەش كە لە بێكارییەوە سەرچاوە دەگرن، بە ڕوونی لە كۆمەڵگای كوردیی ڕۆژهەڵاتدا دەبیندرێت. ڕێژیمی ئیسلامی ئەم سیاسەتەی بۆ گەیشتن بە چەند ئامانج، ساڵانێكی زۆرە گرتووەتەبەر كە سەرەكیترینی ئەو ئامانجانە دەتوانێت نەهێشتنی هێزی ئەكتیڤی دژ بە دەسەڵات لە پارێزگاكانی كوردستاندا بێت. لاوانی خوێندكاری كورد پاش تەواوبوونی زانكۆ ئەگەر دەرفەتی كارێك بدۆزنەوە، بەدڵنیاییەوە لە پارێزگا غەیرەكوردەكانە و ناچار دەبن بۆ بژێویی ژیان وڵات بەجێ بهێڵن و ئەوانەش كە دەرفەتی كاریان لە پارێزگایەكی تر بۆ نەگونجێت تووشی یەكێك لە دیاردە كۆمەڵایەتییەكانی بێكاری دەبن و بیركردنەوەیەکی دروستیان بۆ نامێنێتەوە. لەلایەكیترەوە، چاوساخانیی ڕێژیم لە كوردستاندا لە وەها دۆخێكدا بەردەوام هەوڵی ڕاكێشانی لاوانی كورد بۆ پەیوەستبوون بە هێزە حكوومەتییەكان، لەوانە بەسیج و ناوەندە سیخوڕییەكانی تر دەدەن.

بەپێی ھەواڵێک کە لەم دواییانە بڵاو کراوەتەوە، زیاتر لە ٤٢ له‌سه‌دیی خوێندكاران له‌ ئێراندا بێکارن. هەروەها تێیدا باس له‌وه‌ کراوە كه‌ ئەندامێكی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاندبوو کە ٤٢ لەسەدی خوێندکاران لە ئێراندا بێکارن.

"ڕەسوول خزری"، ئەندامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ڕێژیم، سه‌باره‌ت به‌ ئاستی به‌رزی ڕێژەی بێکاری له‌نێو دەرچووانی زانکۆ هۆشداریی داوە و ڕایگەیاندووە: "ڕێژەی بێکاریی دەرچووانی زانکۆ، سێ بەرابەری ئاستی بێکاری له‌نێو نەخوێندەوارانه‌". ناوبراو هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا سه‌باره‌ت به‌ گرفتەکانی لاوان ئاماژەی بەوە كردووە کە ١٣ میلیۆن لاو، تەمەنی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیان تێپەڕ بووە، کە بووەتە هۆی زۆربوونی دڵەڕاوکێ، تووڕەیی، بێهیوایی، خەمۆکی و لە کۆتاییدا هەڵاتن لە ئێراندا.

هەروەها باسی لە دەرچووانی زانکۆکان کردووە کە سەرەڕای تێچووی زۆر بۆ خوێندن، شاڕەزایی تەواویان لە ڕشتەی خوێندنیاندا نییە و دوای تەواوکردنی زانکۆ ئامادەیی وەرگرتنی کاریان نییە کە ئەمە بەهۆی دابەزینی ئاستی زانستی و متمانەی زانکۆکانی ئێرانەوەیە.

بەگشتی ڕێژیمی ئێران هۆکاری سەرەکیی دابەزینی ئاستی زانیاری، زانستی خوێندنگا و زانکۆکان و بەتایبەتی جەوی ڕووناکبیریی زانکۆکانە، لە لایەکی دیکەشەوە لە دروستکردنی هەلی کار بۆ خوێندکاران، ڕێژیم کەمترین هەوڵ دەدات و کۆمەڵگای خوێندکاریی ئێران خۆیان لەنێو جەوی حاکم لە ئێراندا نابیننەوە و لە کۆتاییدا زۆرینەیان وڵات بەجێ دەهێڵێن.

بێکاری، کاریگەریی تەواو نێگەتیڤ بۆ سەر باری سیاسیی وڵات دەبێت و بەرپرسانی حکوومەت دەکەونە بەر هێرش و ڕەخنە لێگرتن لەوەیکە لەو ئاستەدا نین تاکوو بتوانن کێشەی بێکاری لەو وڵاتەدا چارەسەر بکەن و ئەمەش بووەتە گرفتێکی سیاسی. ئەگەر هەموو ئەو لایەنانە کۆبکەینەوە، ئەوە کێشەیەکی گەورەتر دروست دەبێت کە ئەویش لەدەستدانی ئاسایشە لەو وڵاتەدا، بەهۆی زیادبوونی تاوان و دەسدرێژی و بێ یاسایی و زێدەڕۆیی و کاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتیان بەشێوەیەکی خراپ دادەنێ.

بێكاری بە هەڕەشەیەكی ڕاستەقینە دادەنرێت لەسەر كۆی ژیانی كۆمەڵگە، چونكە ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی زیادبوونی تاوان، بەتایبەتی ئەو تاوانانەی دەكرێنە سەر ماڵ و سامان، بە واتایەكی دیکە تاوانی دزی و کوشتن لەو تاوانانەن كە لەگەڵ بێكاریدا پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆیان هەیە، واتە هەتا بێكاری زیاد بكات، تاوانەكانی دزی و کوشتنیش زیاد دەكەن، هەروەها بێکاری دەبێتە هۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی لەشفرۆشی و بازرگانی بە مرۆڤەوە کە ئەم جۆرە تاوانانە لەم دواییانەدا لە ئێران پەرەی سەندووە.

وێرای ئەمانە، بەهۆی نەبوونی هەلی کار لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، هەژاری و دەستکورتی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار، کە کۆڵبەران ناچار دەکات لە وەرزی زستان و تەنانەت ڕۆژانی بەفر و بارانیشدا ڕوو لە کۆڵبەری بکەن، ئەمە جۆرێک لە گیانفیداکردنە لە پێناو دۆزینەوەی بژێویی ژیان بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام بەو حاڵەشەوە لە خاڵە سنوورییەکان بەرەوڕووی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبنەوە، بەڵام ئەوە کوردە کە بە شێوەیەکی شەرەفمەندانە لە پێناو پەیداکردنی بژێویی ژیانی خۆی بۆ پارووە نانێک ڕێگای مەرگ دەگرێتە بەر.

کرێکار کە خۆی لە پیرۆزیی کارو خۆشەویستی بۆ کارو ڕێزلێگرتنی دەبینێتەوە بەڵام بەپێچەوانەوە لە لایەن خاوەنکارەوە ڕێز لەکار و کرێکار ناگیرێت و پیرۆزی لەدەست دراوە و جیاوازیی چینایەتی لەهەموو بوارەکانی ژیاندا کارێکی وای کردووە کە کرێکارێک نەک لە گەورەترین بەرپرس بەڵکوو بچووکترین بەرپرس کەمتر بێت و بەچاوێکی سووکەوە لە کارو کرێکار بڕوانرێت ، ئەمەش بە یەکەم کاردانەوەی نەرێنی لە ئەنجامی بێبەرنامەیی و ناشارەزایی دەسەڵاتدارانە بۆ ئەم ئەرکە گرنگەی کە دەبێ وەک هەنگاوی یەکەم لە کاری دەسەڵات سەیر بکرێت.

كێشه‌کانی کارپه‌یداکردن بووەتە‌ هۆکاری ته‌نیایی‌و دابڕان. بێکاری به‌ جیا له‌ بابه‌ته‌کانی ئابووری و داهاتی ژیان، ڕه‌نگه‌ کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌زموونی پێکه‌وه‌بوونیش دابنێت.

باری خراپی ئابووریی ئه‌ندامێکی خێزان‌، کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ته‌واوی خێزانه‌که‌ داده‌نێت. بێکاری کە دیاردەیەکی هەمیشەیی نیزامی کۆیلەتی کاری بەکرێیە، ئەمڕۆ لە سەرانسەری ئێراندا بووەتە دیاردەیەکی بەرچاوی ژیانی بەشێکی فراوانی کرێکاران و خێزانەکانیان و ژمارەی ئەو خێزانە کرێکارییانەی کە بێکاری و برسیەتی هەڕەشەی نزیک بە مەرگیان لێدەکات بەڕادەیەک زۆرە کە بەشێکی بەرچاوی پەراوێزی گەڕەک و ناوچە و شارۆچکە و شارە کرێکارییەکان پێک دەهێنێت. ژمارەی بەلێشاوی ئەوکەسانەی کە چەند ساڵە بۆ کارێکی گونجاو دەگەڕێن و چنگیان ناکەوێت، ژمارەی ئەو کەسانەی کە هەموو ڕۆژە ڕوو لە مەیدانی کاری شارو شارۆچکەکان دەکەن و بەنائومێدییەوە دەگەڕێنەوە ماڵ، بەدەیان وسەدان و هەزارانن.

لێشاوی پەنگخواردووی بێکاری، بازاڕەکان و گەڕەکە کرێکاری و فەقیرنشینەکانی سەرانسه‌ری وڵاتی پڕ کردووە، هەموو ڕۆژێک سەدان وهەزاران کرێکاری بێکار، ڕوو لە بازاڕەکانی مەیدانی کار دەکه‌ن بەڵام ژمارەیەکی کەمیان کارێکی نەگونجاو و ناڕەحەتیان دەست دەکەوێت، ئەویش خاوه‌نکار حەقدەستێکی زۆر کەمیان دەداتێ یان دوای دەخات و لە کاتی خۆی نایانداتێ، ئەوانی تر بە نائومێدی دەگەڕێنەوە.

ئەمڕۆ بازاڕەکانی سەرانسەری ئێران بە میلیۆن بێکاری لێیە. ئەگەر ئاوڕێک لە لێواری شەقامەکان وکۆڵانەکان لە زۆربەی هەرە زۆری شارو شارۆچکەکانی ئێراندا بدەیتەوە، بۆت دەردەکەوێت کە شەقامه‌کان پڕ لە سەدان و هەزاران زەحمەتکێشی دەستفرۆشن کە زۆربەیان منداڵ و کەسانی بە ته‌مەنی دەستفرۆشن کە بێکاری و نه‌بوونی، ناچاری کردوون، کە ڕۆژ تا ئێوارە لە لێواری شەقامەکان دانیشن بەدیار وردە شتێکەوە بەناوی دەستفرۆشی .

هەژاری و برسیەتی و بێکاری بەشێکی بەرچاوی خەڵکی ئەم وڵاتەی ناچار کردووە کە منداڵانیان ڕەوانەی بازاڕی بێره‌حمی کار بکەن، تەمەنی ئەم منداڵانە زۆر جار ٥ بۆ ٦ ساڵانە. کاری ئەم منداڵانە زۆرتر دەستفرۆشی و واکسی و ئاوفرۆشی و شاگردی و خاوێنکردنەوەی ماشین لەسەر شەقامەکان و جار جارەش حەماڵی بۆ ئەو کەسانە بکەن کە لە بازاڕدا کەلوپەلیان کڕیوە بۆ ئەوەی هەڵیگرن بۆیان بۆ شوێنی مەبەست؛ لێرەدا منداڵ دەبێتە قوربانیی سەرەکیی کۆمەڵگا.

ئەمە دیمەنی راستەقینەی ئەو کۆمەڵگایەیە کە کۆماری ئیسلامی دروستی کردووە و ژیانی بەم شێوە بۆ داڕشتوون.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.