کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاتی بڕینەوەی دەستەکانی دیکتاتۆر هاتووە

12:02 - 31 جۆزەردان 2719

نەوید کەرەمی

جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی پاش بڕیاری سەرکۆماری ئامریکا لەمەڕ کشانەوەی لە بەرجام و واژۆکردنی وەگەڕخرانەوەی گەمارۆکان بۆسەر ڕێژیمی ئێران، مایک پۆمپێئۆ، وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە، بە مەبەستی دوبارەدانیشتنەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و بەردەوامی بەرجام، ١٢ مەرجی خستە بەردەم بەرپرسانی ڕیژیمی ئێران، کە بەپێی ئەو مەرجانە دەبێت:

١- ئێران هەموو پلان بەرنامە و دەسکەوتەکانی خۆی لە بواری ناوکی، بخاتە بەردەم ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکییەوە.

٢- ئێران دەست لە پیتاندنی ئۆرانیۆم هەڵبگرێت و هەرگیز بەدوای تێکنۆلۆژی بەدەستهێنانی پلۆتۆنیۆم نەکەوێت، کە ئەمە داخستنی ڕێئاکتۆری ئاوی قورسیش لەخۆدەگرێت.

٣- چاوەدێرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی بتوانن بە بێ هیچ جۆرە بەربەستێک هەموو بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لە سەرتاسەری وڵات بپشکنن.

٤- پرۆژەی پەرەدان بە بەرنامەی مووشەکی ئێران کە توانایی هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکی هەبێت، ڕابگیردرێت.

٥- هەموو شارۆمەندانی ئامریکایی و هەروەها شارۆمەندانی وڵاتانی هاوپەیمان و دۆستی ئامریکا کە لەلایەن ئێرانەوە بە تۆمەتگەلی بێبنەما و جۆراوجۆر زیندانی کراون، ئازاد بکرێن.

٦- ڕێژیمی ئێران لە پاڵپشتی کردنی گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچە، وەکوو حیزبوڵڵای لوبنان، حەماس و میلیشیاکانی دیکە، واز بێنێت.

٧- ئێران سەروەری دەوڵەتی عێراق بە فەرمی بناسێت و ئیزن بدات کە گرووپ و میلیشیا شیعەکانی ئەو وڵاتە چەکەکانیان لێ وەربگیردرێتەوە و دووبارە سازماندەهی و چەکداریان نەکاتەوە.
٨- ئێران دەستبەرداری میلیشیا حوسییەکانی یەمەن بێت و بۆ چارەسەرییەکی سیاسی لەو وڵاتە هەنگاو هەڵبگرێت.

٩- هەموو هێزە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، دەبێت سووریە بەجێ بهێڵن.

١٠- ڕێژیمی تاران واز لە پاڵپشتی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئەفغانستان و ناوچە بێنێت و نەبێتە وڵاتێکی ئەمن بۆ بەرپرسانی ئەلقاعیدە و مابەقی تیرۆریستان.

١١- هێزی قودسی سەر بە سپای تیرۆریستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، پاڵپشتی و پشتیگیرییەکانی خۆی لە تیرۆریستان و هەموو میلیشیا هاوپەیمانەکانی لە سەرتاسەری جیهان، کۆتایی پێ بێت.

١٢- هەروەها، ڕێژیمی ئێران واز لە هەرجۆرە هەڵسوکەوت و کردەوەیەک کە دەبێتە هەڕەشە بۆسەر تەناهی وڵاتانی دراوسێی - کە زۆربەیان هاوپەیمانی ئامریکان – بێنێت، کە ئەمە هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئێران بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل، هاویشتنی مووشەک بەرەو عەرەبستانی سعوودی و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و هەروەها هەڕەشە کردنە سەر کەشتیڕانی نێودەوڵەتی و ئەنجامدانی کردەوەگەلی خراپکارانە، لەخۆ دەگرێت.

ئەگەرچی ساڵێک بەسەر ڕاگەیاندنی ئەو مەرجانە لە لایەن وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە تێدەپەڕێت، بەڵام ڕێژیمی تاران هیچ پێداچوونەوەیەکی بەخۆیدا نەهێناوە و سەرەڕای وەگەڕخرانەوەی گەمارۆکانی ئامریکا و کشانەوەی زۆرێک لە وڵاتان و وازهێنانی کۆمپانیاکان لە بازرگانی لەگەڵ ئێران، زیاتر لە جاران دەستی داوەتە پاڵپشتی کردنی تێرۆریستان و تەنانەت بەردەوام بووە لە هەڕەشە و هێرش کردنەسەر بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی ئامریکا و ڕێڕەوی بازرگانی جیهانی نەوت لە کەنداودا.

ڕێژیمی تاران لەڕێگای ساپۆرت کردن و چالاک کردنەوەی گرووپ و تاقمە گوێ لەمستەکانی خۆی، کە بە مەبەستی هێرش بردنەسەر دوژمنان و نەیارەکانی پڕچەک و باری هێناون، جگە لەوەی دەستەکانی ئاشکرا کراون بەهۆی درێژەدان بەو هەوڵانەی بە تەواوەتی بایەخی لە جیهان لەدەست داوە و هەموو دەرگاکانی بەڕووی خۆیدا داخستوون و تەنانەت دۆستە ئۆرووپاییەکانیشی لێی کشاونەتەوە.

کردەوە تیرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران و میلیشیا هاوپەیمانەکانی لە یەمەن، عێراق، سووریە و ... و هتد، لەو یەک مانگەی دواییدا، لە ڕاستای تێکدانی تەناهی وڵاتان، هەروەها هێرشی 23ی جۆزەردان بۆسەر نەوتکێشەکان لە کەنداو، چیدیکە بێدەنگی وڵاتان لەمەڕ کردارە شەڕئەنگێزانەکانی ئێران دەشکێنێت و ڕەوتی دژکردەوە و قۆناغی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو ڕێژیمە تیرۆریستپەروەرە نزیکتر دەکاتەوە.

لە ئاکامدا، پێشبینی ئەوە دەڕوات کە لەدەرەوەی سنوورەکان گرووپ و هاوپەیمانەکانی ئێران لەڕێگای وڵاتانی دژبەری ئێرانەوە پێشیان پێ بگیردرێت و لە ناوخۆشدا لە ئەگەری درێژەدانی ئێران بە چالاکییە ناوکییەکانی هەر وەک سەرۆکی ئامریکا ڕایگەیاندبوو بنکە ناوکییەکانی ڕێژیم بەرەوڕووی هێرشی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی ببنەوە.

دانڵد ترامپ سەرکۆماری ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی جۆزەردان لەوبارەوە ئاشکرای کردبوو کە کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران قابیلی قەبووڵ نین و هەوڵەکانی بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی ناچارمان دەکات بە بەکارهێنانی بژاردەی سەربازی.

واتە چاوەڕوان دەکرێت کە لە ساڵی ٩٨ی هەتاویدا، قۆناغی بڕینەوە و لەنێوبردنی دەست و پێوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران لە دەرەوەی سنوورەکان و لەڕێگای بەرەی دژبە تیرۆریستی ئێران، بە سەرکردایەتی ئامریکا، دەست پێبکات، لە ئاکامدا ڕێبەرانی ئەو ڕێژیمە لە ترسی لەدەستدانی دەسەڵاتەکەیان ناچار دەبن جارێکی دیکە بچنەوە سەر مێزی وتووێژ و مل بۆ هەموو مەرجەکانی ئامریکا ڕابکێشن و جامی ژەهرێکی دیکە بنۆشنەوە .

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.