کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارادانەوە جیهانییەکان دژی ڕێژیمی ئێران

17:14 - 31 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: سەرەڕای کاردانەوە توندەکانی ئامریکا و هەڕەشە بەردەوامەکانی بۆ سەر ئێران، هەندێک لە وڵاتان باڵوێزەکانی خۆیان لە ئێران بانگهێشت کردووەتەوە.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان، مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە نوێترین قسەکانی خۆیدا سەبارەت بە ڕێژیمی ئێران، بە زمانێکی توندی هەڕەشەئامێز ڕوو لە ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند: "ئەگەر هەر هێرشێکی ڕێژیمی ئێران یان گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بە دژی ئامریکا ڕوو بدات، واشینگتۆن ڕاستەوخۆ کاردانەوەی بە دژی ئەم ڕێژیمە دەبێت".

هەروەها لە درێژەدا وتبووی : "ئێمە بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیمان ڕاگەیاندووە، کە هێرشکردنی گرووپە میلیشیاکانی سەر بەم ڕێژیمە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئامریکا، نابێتە ڕێگر لە بەردەم ئێمە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم کارانە و وڵامی بەرانبەر بۆ سەر سەرچاوەکانی ئەم هێرشانە".

وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە بارەی بەکارهێنانی هێزی نیزامیی دژی ڕیژیمی ئێران وتبووی: "هەر کارێکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دژی وڵاتی ئامریکا بێوڵام نامێنێتەوە".

ئەم قسانەی مایک پۆمپێئۆ لە کاتێکدایە کە ئامریکا، ڕێژیمی ئێران بە بەرپرسی هێرشی ئەم دواییانە بۆ سەر ناوەندەکانی خۆی لە عێراق دەزانێت.

هەر لەم ڕاستایەدا دوای ڕوودانی هێرشێکی تیرۆریستی لە شاری پاریس، کە دەرکەوت بکەرانی ئەم کردەوە سەر بە ڕێژیمی ئێرانن، دەوڵەتی فەڕانسە باڵوێزی خۆی لە وڵاتی ئیران بانگهێشت کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، کە هەتا ڕادەستکردنی بکەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە بە حکوومەتی فەڕانسە، باڵوێزێکی نوێ بۆ ئەو وڵاتە نانێرێتەوە.

وەزیری دەرەوەی مەراکش هەر لەم پێوەندییەدا،  دەوڵەتی ئێرانی بەوە تاوانبار کردووە، کە پشتیوانی  چەکداریی لە میلیشیاکانی پۆلیساریۆ دەکات و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پچڕاند و داوای لە باڵوێزی ڕێژیمی ئێران  کرد، کە مەراکش بەجێ بهێڵێت.

ڕێژیمی ئێران لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئاسیایشدا تووشی شکست هاتووە و لەم لە دوایین سەفەری زەریف بۆ وڵاتی هیندوستان و ژاپۆن لە بارەی درێژەدان بە پێوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئەم وڵاتانە دوای گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا، وڵامی نەرێنی وەرگرت.

هاوکات لەگەڵ گوشارەکانی دەرەوە بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، لە نێوخۆی وڵاتیشدا ڕێژیم لەگەڵ ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵک بەرەوڕووە.