کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاردانەوەی ڕێژیمی ئێران بە وتەکانی مایک پۆمپێئۆ

16:15 - 22 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە کاردانەوە بە وتەکانی  وەزیری دەرەوەی ئامریکا، ئامریکای بە "دووبەرەکینانەوە" و "پەرەپێدانی ئاژاوە'' لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست مەحکووم کرد.

بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە کاردانەوە بە وتەکانی وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە زانکۆی قاهرە، سەبارەت بە پێویستیی سنووردارکردنی دەستێوەردانە‌کانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە و دابینکردنی ئاسایشی ئیسرائیل لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست، ئامریکای بە "دووبەرکینانەوە" و "پەرەپێدانی ئاژاوە'' لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست مەحکووم کرد.

قاسمی وتوویەتی: ئامریکا و بەتایبەت ڕێژیمی توندئاژۆی ئێستە بە هۆی دوژمنایەتی پێشینەی لەگەڵ نەتەوەی ئێران و دژایەتی لەگەڵ کردەوەکانی دەوڵەتی پێش خۆی و لە ئاکامی کەڵکئاژۆگرتن لە ڕێگای کۆڕ و کۆبوونەوە ناوزڕاو و فریوخواردووەکان، ڕێگایەکی لەبەر گرتووە کە هیچ قازانجێکی بۆ ئامریکا نییە.

نابراو هەروەها وتوویەتی: دەوڵەتی ترامپ بە چوونەدەرەوە لە بەرجام و بە هۆی نەبینینەوەی جێگرەوەیەک بۆ بەرجام، تووشی " بێهیوایی و تووڕەییی درێژخایەن" بوون.

قسەکانی بەهرام قاسمی، سەبارەت بە بێهیواییی دەوڵەتی ترامپ و چوونەدەرەوە لە بەرجام، لە حاڵێکدایە کە بارودۆخی ئابووریی ڕێژیمی ئێران پاش کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، تووشی قەیران بووە و دەسکورتی و بێکاری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ئێراندا زیاتر دەبێت.