کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارگەی مافووری ڤەژین لە کەمپی ئازادی کرایەوە

18:44 - 19 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بە بۆنەی کرانەوەی کارگەی مافووری ڤەژین، لە کەمپی ئازادیدا ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.

 ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٧ی جۆزەردان، لە کەمپی ئازادی، ڕێوڕەسمی کرانەوەی کارگەی مافووری ڤەژین بەڕێوە چوو، کە ئەم کارگەیە لە لایەن ڕێكخراوی "ئەی ڤی سی" سویسیی، بە مەبەستی هاوکاریی مرۆڤدۆستانە ساز کراوە.

ئەم ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێ کرد.

پاشان گۆرانییەک لە لایەن "سێراینا و تابیا" دوو ئەندامی ڕێکخراوی "ئەی ڤی سی" پێشكەش کرا.

دواتر پەیامی ڕێکخراوی "ئەی ڤی سی" لە لایەن "دانیال هۆڤێر" بەرپرسی گشتیی ڕێکخراوی "ئەی ڤی سی"  پێشکەش کرا، کە ناوبراو لە پەیامەکەیدا باسی گرینگیی ئەنجامدانی کارە مرۆڤدۆستانەکان و خێرخوازییەکان بۆ دروستکردنی دنیایەکی باشتر کرد و هەروەها سپاسی هەموو ئەو کەسانەی کرد، کە هاوکاریی ڕێکخراوی ئەی ڤی سییان لە سەرەتای دەسپێکردنی پرۆژەکانیانەوە کردووە، بەتایبەتی "سەلیم زەنجیری" کە بە شێوەی خۆبەخشانە هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆژە و کارەکانی ئەی ڤی سی هاوکاری کردووە و بەو بۆنەوە لە لایەن دانیال هۆفێر بە خۆی و بنەماڵەکەی خەڵات بەخشرا.

لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا  "سێراینا و تابیا" بە گۆرانییەکی تر ڕێوڕەسمەکەیان ڕازاندەوە.

دواتر "ساشا ئێرنێست" جێگری بەرپرسی ڕێکخراوی "ئەی ڤی سی" بەم بۆنەوە پەیامێکی پێشكەش کرد و لە پەیامەکەیدا  هیوای سەرکەوتنی بۆ هەموو ئەو کەسانە خواست، کە لەو کارگەیەدا کار دەکەن و هەروەها باسی لە مێژووی وڵاتی سویس کرد، کە ئەوانیش ٧٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە بارودۆخێكی خراپدا بوون و فەقیری و هەژاری باڵی بەسەر وڵاتەکەدا کێشابوو، بەڵام لە کۆتاییدا خۆری ئازادی ئەو وڵاتە هەڵهات و هیوای باشتربوونی بۆ هەموو لایەک خواست.

لە بڕگەیەکی تری ئەم ڕێوڕەسمەدا پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن "فاتمە عوسمانی" سکرتێری گشتیی ئەم ڕێکخراوەیە خوێندرایەوە، ناوبراو لە وتارەکەیدا سپاسی ڕێکخراوی ئەی ڤی سیی بە هۆی ئەو کار و چالاکییانەی کرد، کە بۆ خزمەتی منداڵان و ژنان ئەنجامیان داوە، بەتایبەتی ئەو کەسانە، کەسگەلێکن کە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆیان خەبات دەکەن، هەروەها ئەو کەسانەی کە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی کار دەکەن و کاری مرۆڤانە ئەنجام دەدەن.

پاشان سروودێک لە لایەن منداڵانی نێو حیزب بەو بۆنەوە پێشکەش کرا.

دواتر لەوحی سپاسنامەی نووسینگەی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن بەڕێز حەسەن شەرەفی بەرپرسی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات پێشکەشی دانیال هۆڤێر بەرپرسی ڕێكخراوی ئەی ڤی سی کرا

حەسەن شەرەفی بەم بۆنەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و سپاسی کارە مرۆڤدۆستانەکانی ڕێکخراوی ئەی ڤی سی کرد و وتی: "لە دنیای ئەمڕۆدا  هەموو کەس کار لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات و زۆر بەدەگمەن دەردەکەوێت ڕێکخراوێک بۆ شادی دڵی کەسانی دیکە بە ئیمکاناتی خۆیانەوە کار بکەن کە دەزانن ئەم کارانە بۆ دڵخۆشکردنی کۆمەڵێک خوشک و برایە، کە لە وڵاتی خۆیان هەڵکەندراون و لەگەڵ کەمی ئیمکاناتەکان ژیان بەسەر دەبەن، پێشكەشکردنی ئەم ئیمکاناتە کەمانە بەم کەسانە نیشانەی دڵپاکی و نیازپاکی ئەم ڕێکخراوانەیە. ئێمە وەک حیزبی دێموکرات بە چاوی ڕێزەوە سەیری ئەم کارە خزمەتگوزارییانە دەکەین".

هەروەها یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەوحێکی ڕێزلێنانی پێشکەش بە ساشا ئێرنێست کرد.

لە کۆتاییدا کارگەی مافووری ڤەژین، لە لایەن "بەهار ڕۆستەمی"، ئەندامی ڕێبەری ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنان و هاوسەری شەهید "مەهدی تەوریوەریـ"ـیەوە  کرایەوە.