کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاریگەریی گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەر ڕێژیمی ئێران لەسەر دەرواسێیەکانی

12:47 - 30 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: گەمارۆوەکانی ئامریکا و کشانەوەی لە بەرنامەی بەرجام، تەنیا زیانی و خەساری بۆ ئێران نەبووە، بەڵکوو ئەو وڵاتانەی کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پێوەندی ئابوورییان بووە، تووشی زەرەر بوون.

لێدوانەکانی ئێران و ئامریکا لە دوو هێڵی جیاوازەوە درێژەی هەیە، لەم لێدوانانەدا وا دەردەکەوێت، کە ڕێژیمی ئێران دەیەوێت، هێڵە بازرگانیی و پێوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بپارێزێت، لە بەرانبەردا واشنگتۆنیش لە هەوڵدایە کە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بگەیەنێتە خاڵی سفر و هەموو ئەو کاناڵانە کە داراییەکانی ئێرانیان پێ دەگوازرێنەوە، ببەستێت.

لەم گەمارۆوە ئابوورییانەی سەر ڕێژیم ئێران، دەراوسێیە ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتییەکانی ئێرانیش زەرەرمەند دەبن، یەک لەو وڵاتانەی کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پێوەندیی ئابووریی بەربڵاوی هەبووە، وڵاتی تورکیەیە، کە بە وتەی ئیسحاق جەهانگیری جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ساڵانە ٣٠ میلیارد دۆلار لەگەڵ تورکیە پێوەندی بازرگانیی جێبەجێ دەکرێت.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ٢٩ی پووشپەڕ، ڕەفعەت حەسارجیکلی ئۆغلوو، سەرۆکی یەکیەتیی ژوورە بازرگانی و بۆرسەکانی تورکیە، لە دانیشتن لەگەڵ شاندی ئامریکایی، لەمەڕ گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و کاریگەریی نەرێنییەکانی لەسەر وڵاتەکەی نیگەرانی دەربڕیوە.

گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، جیا لە کاردانەوەی نەرێنییەکانی لەسەر ڕەهەندە جیاجیاکانی ڕێژیمی تاران؛ لەسەر کاروباری بازرگانیی ئەو وڵاتانەی داناوە، کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پێوەندییەکی بەربڵاوی ئابوورییان هەیە، ئەم باندۆڕە نەرێنییە جیا لە دەراوسێیەکانی ئێران، وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپاش گرتووەتەوە، کە هەر کامەیان هەوڵ دەدەن ئامریکا لە هاوکارییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران چاوپۆشی بکات، بەڵام ئامریکا داواکارییەکانیانی ڕەت کردووەتەوە.