کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"کارەسات" بۆ سێهەمین جار لە چاپ درایەوە

10:23 - 9 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: کتێبی "کارەسات"، پێکهاتوو لە کۆمەڵێک کورتە چیرۆک لە نووسینی "جەلال مەلەکشا"، شاعیری بەناوبانگی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بۆ جاری سێهەم لە چاپ درایەوە.

کتێبی "کارەسات" یەکێک لە بەرهەمە ئەدەبییەکانی جەلال مەلەکشا، شاعیری کوردی خەڵکی شاری سنەیە کە پاش ٧ ساڵ، بۆ جاری سێهەم لە چاپ درایەوە.

ئەم کتێبە، بەگشتی ١٩ کورتە چیرۆکی لەخۆ گرتووە کە لەوانە دەکرێت ئاماژە بە چیرۆکەکانی "چاوەکانی قازی"، "خاک مەیلبڕە"، دڵداری منداڵیم"، "دەنگی ئاشنا"، "کارەسات"، "گورگ" و "دڵی هیوا" بکرێت.

ئەم بەرهەمە یەکەمین جار لە ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا و بە هاوکاریی پەخشانگەی زانستیی کالج لە شاری سنە و بە هەژماری ١٠٠٠ کتێب لە چاپ درا و کەوتە بەر دیدی خوێنەران و هۆگرانی ئەدەبی کوردییەوە.

"جەلال مەلەکشا"، لە ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی لە گوندی مەلەکشا سەر بە شاری سنە لەدایک بووە و زۆرتر بەهۆی هۆنینەوەی شێعری "دارەپیرە"وە، ناوبانگی دەرکرد.

لە بەرهەمە کۆکراوەکانی ئەم شاعیرە دەکرێت ئاماژە بە "کۆی بەرهەمەکانی جەلال مەلەکشا" بە دوو زمانی کوردی و فارسی، کتێبی شێعری "زڕەی زنجیری وشە دیلەکان" و هەروەها کورتە چیرۆکی کارەسات بکرێت.