کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کارەساتێکی تری پزیشكی لە ئێراندا ڕووی دا

11:42 - 15 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: لە ئێراندا، دوو دوکتور، "ئیمپلەنتـ"ـی ساختەیان هاوردەی ئەو وڵاتە کردووە کە بە کارەساتی پزیشکی لە ئێراندا ناوی دەرکردووە.

دوو دوکتوری ددانپزیشکی، ٦٠٧ هەزار دانە "ئیمپلەنتـ"ـی ساختەیی ددانیان هاوردە کردووە کە بۆ نەخۆشەکان کەڵکیان لێوەرگرتووە و تەندروستیی ئەو نەخۆشانە لە ئێستادا لە مەترسیدایە.

ئەو دوو کەسە، "ئیمپلەنتـ"ـی ساختەی وڵاتی "چینـ"ـیان بە بەرچەسبی ئورووپا لە ئێراندا فرۆشتووە.

جیا لە هاوردەی ئەو کەرەستە پزیشکییە ساختەیانە، ئەو ئیمپلەنتانەیان بە ٣ هەتا ٩ بەرابەر لە نرخی ئەسڵیی خۆی فرۆشتووەتەوە.

بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارە، ٣٠ میلیارد تمەن پورسانتیان بە پزیشکەکانی وڵات داوە.

ئێران گەمارۆی دەوا و دەرمانی لەسەر نییه و ئیدعای بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش لە لایەن ئامریکاوە لەمبارەوە ڕەت کراوەتەوە.

هاوردەکردنی دەوا و دەرمانی پزیشکی لە ئێراندا، بە بیانووی گەمارۆکانەوە کەوتووەتە دەستی مافیاکان کە ئەوەش بۆ سەر کۆمەڵگە مەترسیدارە.

‏ئەوە لە كاتێكدایە کە نزیكەی ٩٦ لەسەدی دەرمانی پێویستی نەخۆشییەکان، لە ئێراندا بەرهەم دێت، بەڵام ٥٠ لەسەدی ماددەی سەرەتایی بۆ بەرهەمهێنانی ئەو دەرمانانە لە دەرەوەی وڵات بۆ ئێران هاوردە دەکرێت.