کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کامیۆندارانی چەندین پارێزگای ئێران مانیان گرت

13:19 - 2 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: مانگرتنی توێژ و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی ئێران، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە دەستێنێت و بۆ کێشە و گرفتی خەڵک هیچ هەنگاوێک هەڵناگیرێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی سێشهممە ڕێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، کامیۆنداران و شۆفیرەکان لە چەندین پارێزگای ئێران دەستیان داوەتە مانگرتن داوایان کردووە که کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.

ڕاپۆرتەکان دەرخەی ئەوەن، کە کامیۆنداران و شۆفیری چەندین پارێزگا وەک خوراسانی ڕەزەوی، هورموزگان، فارس، لوڕستان، قەزوین، کرمان و ئیسفەهان دەستیان داوەتە مانگرتن و داوایان کردووە کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.

کامیۆنداران ڕایانگەیاندووە، کە ئەوان بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بیمە، باجی ئۆتووبانەکان، کۆمیسیۆنی باڵای باربەری، تێچووی باڵای چاککردنەوە و پارچە‌کانی سەیارەکانیان دەستیان داوەتە مانگرتن؛ یەکێکی دیکە له هۆکاری مانگرتنی کامیۆنداران بۆ شێوەی کۆن و دواکەوتوویی باربەری ڕاگەیەندراوە.

لەو پێوەندییەدا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کامیۆندارانی شارەکانی ماکۆ، بازرگان و ورمێش به نیسبەت بەرزبوونەی تێچووی گومرکی سنوورەکانی ئەو شارانە دەستیان دابووە مانگرتن.

لە ماوەی ڕابردوودا،  خەڵکی شارەکانی بانه و پیرانشار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە مەبەستی ناڕەزایەتیدەربڕین بە داخستنی بازاڕچە سنوورییەکانی ئەو دوو شارە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە، مانیان گرت.

ناوچە سنوورییە کوردنشینەکان لەبەر نەبوونی هەلی کار، بە کاری دژواری کۆڵبەرییەوە سەرقاڵ دەبن کە ساڵانە زۆرێک له کۆڵبەران بە شێوەی نامرۆڤانە دەکوژرێن و ئێستاش بە داخستنی سنوورەکان تاقانە ڕێگای بژیوی ژیانی خەڵک کوێرە دەکرێت، بۆیه خەڵکی ئەو ناوچانەش مان دەگرن.