کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاناڵەکانی خاڵیکردنەوەی وزەی ڕۆژهەڵات

12:55 - 23 رەزبەر 2719

بێهزاد قادری

لە شوێنێک کە لەسەر هێڵی بوومەلەرزەدایە، خەڵکی پێیان خۆشە کە ماوە بە ماوە بوومەلەرزەیەکی بچووک بێت و ئەو وزەیەی کە لە دڵی زەویدایە خاڵی بکاتەوە، هەتاکوو هەموو شت بە خێر و سڵامەت تەواو بێت و کەمترین خەساری لێ بکەوێتەوە. واتە حەز ناکەن کە ئەو وزەیە بۆ ماوەیەکی زۆر پەنگ بخواتەوە و دواتر وەک بوومەلەرزەیەکی گەورە و وێرانکەر خۆی دەربخات و وێرانییەکی گەورە لە دوای خوێدا بەجێ بهێڵێت.

لە لایەکی ترەوە دەڵێن، گەر لە شتێک ناڕاحەت بوویت یان کەسێک تووڕەی کردیت، باشتر وایە خێرا ناڕاحەتی و تووڕەییت خاڵی بکەیتەوە، چونکە ئەگەر ئەم گوشارانە له دڵتدا پەنگ بخواتەوە، دواتر بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ خۆی دەردەخات و لێکەوتەی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوە.

بڕۆینەوە لای باسی بوومەلەرزەکە! شەڕەکانی کوردستانیش وای لێهاتووە، ماوە بە ماوە و هەر جار و لە شوێنێک (پارچەیەکی کوردستان) ڕوو دەدات و ئەمە زۆر بە دڵی داگیرکەریشە! بەتایبەت بارەودڵی ڕێژیمە ئێرانە. وێڕای هەموو ئەو شتە نەخوازراوانەی کە لە شەڕدا هەیە و وێڕای ئەوەی کە هەر تاکێکی کورد لەهەمبەر خاک و گەلەکەی بەرپرسیارە، بەڵام ئەم شەڕانە ناوە بە ناوە وزەی کوردستان خاڵی دەکاتەوە، وزەی ڕۆژهەڵات خاڵی دەکاتەوە و ناهێڵێت ئەو وزەیە خۆی بە جوانی بگرێت.

بە زمانێکی سادەتر؛ لە ڕۆژئاوا شەڕە؛ لە ڕۆژهەڵات وزە بەڕێ دەکەوێت و لەوێ خاڵی دەبێتەوە. کێشەی من لەگەڵ ئەوە نییە و هەروەها کە وتم، تاکی کوردی ڕۆژهەڵات وێڕای خاکی ڕۆژهەڵات، لەهەمبەر خاکی ڕۆژئاواش بەرپرسیاره و بەپێچەوانەشەوە، بەڵام دەبێ ئاگاداری ئەوە بێت کە بەرژەوەندیی خاک و نەتەوە لە سەرووی هەر بەرژەوەندییەکە و نەکەوێتە ژێر ڕکێفی سیاسەتگەلێک کە لەو ڕاستایەدا نییە. هەروەها هەستەکی نابێت لەسەر وەها پرسگەلێک بڕیار بدەین و خوێندنەوەی بۆ بکەین، بەڵکوو لەجێی ئەوەی سیاسەت لە چوار کلیپی تەبلیغی و بزوێنەری هەست، فێر ببین، سەرەتا بێین و هەڵسەنگاندنێک بۆ دۆخی هەنووکەیی خۆمان بکەین، دواتر بەوردی دۆخ و سیاسەتی دەوروبەر بپشکنین.

پێم خۆشە کلیپی تەبلیغیش پێناسە بکەم. کلیپ و هەندێک فیلمی تەبلیغیی هەندێک لایەن هەن کە وەکوو ماددەی سڕکەر عەمەڵ دەکەن و بینەران و بیسەرانی خۆیان تۆشی ساویر (توهم) دەکەن. کە خووت بەو جۆرە شتانەوە گرت، فێری دەبیت و "ئانتیـ"ـیەکانی وەڵامدەر نین و بەردەوام بەهۆی خووگرییەوە، پەنا بۆ بینین و بیستنیان دەبەیت. ئەو ماددە سڕکەرە، لە دونیایەکی خەیاڵیدا ڕاتدەگرێت کە بە دوورە لە هەر ڕاستییەک و ئەوەندە لەو دونیایەدا ڕاتدەگرێت کە دوای ماوەیەک وادەزانیت هیچ ڕاستییەک لەو خەیاڵەی کە تێیدای، ڕاستتر نییە...

بێینەوە سەر باسی وزەکە! ئەو شەڕانە، وزەی ڕۆژهەڵات بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و لە شوێنێکی دیکە خاڵیی دەکاتەوە و بەدڵنیاییەوە دواتر بەر بە بوومەلەرزەیەکی گەورە دەگرێت کە دەتوانێت درزی ئەساسی لە کۆڵەکەکانی کۆشکی داگیرکەر بخات یان تەنانەت بیڕووخێنێت. لە لایەکی ترەوە ئەم خاڵیکردنەوە کورتماوانە، تەنیا ختووکەیەکە بۆ هەمان کۆڵەکە و ماوەی تەمەنیان درێژتر دەکاتەوە و لە مەترسیی جیددی دووریان دەکاتەوە. بەداخەوە هێزێکی وەها کاریگەریش بوونی نییە (کەی دروست بکرێت و ئەو وزەیە بۆ کاتی خۆی ڕابگرێت، نازانم!) کە ڕێگە لە وەها خاڵیکردنەوەیەک بگرێت و بۆ ڕێخستنی بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر ئەو وزەیە کۆنترۆڵ بکات. بۆیە ئەندازیارەکان، چەندین ساڵە بەجوانی دەزانن کاناڵگەلێکی "هەناردەکردن" ڕابکێشن و ئەو وزانە لە شوێنگەلێک خاڵی بکەنەوە کە لە کۆڵەکەکانیان زۆر دوورترە! 

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.