کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانوونی خوێندکارانی پارێزگای ئیلام هێرشەکەی تورکیەیان مەحکووم کرد

09:18 - 21 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: کانوونی خوێندکارانی پارێزگای ئیلام بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک، هێرشەکەی تورکیە بۆ سەر خەڵکی کوردستانی ڕۆژئاوا و گیانلەدەستدانی خەڵکی بێتاوانیان مەحکووم کرد.

لە بەشگەلێکی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە:

"دەوڵەتی فراوانخواز و جینایەتکاری تورکیە بەهۆی دڵەڕاوکێی لەمەترسیکەوتنی ئەمنییەتی وڵاتەکەی، خەڵکی بێ دیفاعی کوردی لە باکووری سووریە داوەتە بەر توندترین پەلامارە نیزامییەکان و هەمووی لە خوێن گەوزاندوون".

"دەبێ ئەم بیرۆکە فاشیستییە کۆتایی پێ بێت کە بە ڕژاندنی خوێنی ژنان و پیاوانی بێ دیفاع و ستەملێکراو بتوانێت ئەمنیەتی وڵاتە ساختەکەی خۆی دابین بکات".

"دەبێ ئەم بیرۆکەیە کۆتایی پێ بێت کە دەبێ کوردەکان هەمیشە قوربانییانی مێژووی ناوچەکە بن، چونکە لە سەردەمی ئاوەز و بیردا دەژین و کاربەدەستانی تورکیە دەبێ بزانن کە پاراستنی ئەمنییەتی هیچ خاکێک بە زۆر و دەستدرێژی و ڕژاندنی خوێنی منداڵانی بەستەزمان بە دەست نەهاتووە".

"وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگای جیهانی دەبێ هەرچی زووتر پێش بەم کوشتن و بڕینەی خەڵکی کورد بگرن و بە دووریکردن لە دروشم، خواستی خۆیان لە ئاگربەستێکی خێرادا بێننە سەر زمان و ڕێبەرانی خوێنمژی تورکیە ناچار بە بردنە دەرەوەی هێزەکانیان لە باکووری سووریە بکەن".

کانوونی خوێندکارانی پارێزگای ئیلام  ئەم کردەوەیەیان بە  دڕندانە و تێرۆریستی ناو بردووە و وێڕای مەحکوومکردنیشی خوازیاری کۆتاییهێنانی هەرچی خێراتری ئەم دەستدرێژییە ئاشکرایە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا بوونە.