کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانێکسەکان دەبن بە قوتابخانە

12:43 - 7 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: خوێندکارانی ١٠ گوندی شاری بیجاڕ، بەهۆی نەبوونی شوێنی خوێندن، لە کانێکسدا خەریکی خوێندنن و بەرپرسانی ڕێژیم ئەو ناوچانەیان پشتگوێ خستووە.

بەڕێوەبەریی پەروەردە و باریهێنانی شاری بیجاڕی سەر بە پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە کە بەهۆی نەبوونی شوێنی خوێندن، ناچارن لە کانێکسەکان وەک قوتابخانە کەڵک وەربگرن.

"غوڵامڕەزا جەعفەری"، بەرپرسی پەروەردە و بارهێنانی شاری بیجاڕ، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی نویی خوێندندا، ١٢ هەزار خوێندکاری بیجاڕی لە ١٩٠ قوتابخانە و ٦٣٠ پۆلی خوێندندا خەریکی خوێندنن، کە بەنیسبەت ساڵی پێشووی خوێندنەوە، ٨٠ تا ٩٠ کەس زیادی کردووە.

لەو ڕێژەیە ١٦٠٠ خوێندکار پۆلی یەکەمن کە ٣٩٨ کەسیان لە گوندەکان و ٦٦٢ کەسیان لە شارەکاندا خەریکی خوێندنن.

هەژمارێکی بەرچاو لەو خوێندکارانە لە گوندەکان، لە کانێکسەکاندا خەریکی خوێندنن، کە ئەمە بۆ کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم، بەنیسبەت دابینکردنی فەزای فێرکاری و شوێنی خوێندنەوە دەگەڕێتەوە.

لەم بارەوە، "شەریف فەلاح"، نووسەر و لێکۆڵەری ئەدەبی دەڵێت: "نەبوونی قوتابخانە و پەراوێزخرانی ژینگەی خوێندن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پرسێکی بەتەواو مانا سیاسی و ئامانجدار و بەرنامە بۆ داڕێژراوە و ڕێژیم سەرەڕای نکۆڵیکردن لەو کێشەیە، لە ڕاگەیاندنەکاندا بانگەشەی پێشکەوتنی سیستمی پەروەردە و هەبوونی پێداویستییەکانی خوێندن دەکات".

ناوبراو لە بەشێکی تری قسەکانیدا سەبارەت بە هۆکاری پەراوێزخرانی ئەو ناوچانە وتی: "هۆکاری پەراوێزخرانی ئەو ناوچانە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی گشتیی ڕێژیم، بەرانبەر بە نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد کە دەیهەوێت منداڵی کورد لە خوێندن داببڕێت و بەگشتی ئامانج لێی، تۆراندنی منداڵی کوردە لە خوێندن".

سەرەڕای هەبوونی ئەم کێشەگەلە، بەرپرسانی ڕێژیم نکۆڵی لە هەبوونی کێشەیەکی لەو چەشنە دەکەن و بە پاساو هێنانەوە و پێدانی بەڵێنیی دڵخۆشکەر، ڕێگە بە ناڕەزایەتیی خەڵک لەو بارەوە دەگرن.