کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانێکسەکان لە کوردستاندا ڕۆڵی قوتابخانه دەگێڕن

12:01 - 8 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: درێژەدان به خوێندن لە نێو قوتابخانە کانێکسییەکانی دێولاندا، لەو کێشە و گرفتانەیە کە چەندین ساڵە بەرۆکی قوتابییەکانی ئەم ناوچەیەی گرتووە.

هەواڵدەریی حکوومەتیی تەسنیم، له ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی به بارودۆخی قوتابخانەکانی دێولانی سەر بە شاری سنە کردووە و وتوویەتی: پاش بەدواداچوونێکی یەکساڵە منداڵانی ئەم شاره هێشتا لە نێو کانێکسدا درێژە بە خوێندن دەدەن.

هەواڵە بڵاوکراوەکان له ٢٨ی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوودا، باسیان لەوە دەکرد کە قوتابییانی ٦ قوتابخانەی ئەم شارە لە کانێکسدا درێژە بە خوێندن دەدەن. بە تێپەڕبوونی زیاتر لە یەکساڵ لەم دۆخە و پاش داخوازییە یەک لە دوای یەکەکان لە بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت بە چارەسەرکردنی ئەم کێشە و هەروەها بەڵێنەکانی ساڵح نادری، بەرپرسی پەروەردە و بارهێنانی ئەم شارە، ئەوەی کە وەکوو چارەسەر و گۆڕانی دۆخەکە هاتووەتە گۆڕێ تەنیا گواستنەوەی قوتابییەکان لە کانێکسەوە بۆ ماڵە ڕووخاوەکانە.  

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، ٣٠% قوتابخانەکانی دێولان لە بواری بیناسازییەوە تووشی داڕمان بوونە و هێندێکیشیان لە خانووی کرێدا کلاسەکان بەڕێوە دەبن؛ ئەوەی کە لەم دۆخەدا دەردەکەوێ نالەباربوونی دۆخی فەزای فێرکاری لەم شارەیە.

پێشتریش بەهمەن عیرفانی، بەرپرسی پەروەردە و بارهێنانی شاری مەریوان باسی لە نالەباربوونی فەزای فێرکاری لەم شارەدا کردبوو و وتبووی: ئەم شارە لە بواری فەزای فێرکارییەوە لە ئێراندا و بە نیسبەت حەشیمەتی قوتابییەکانی ٤٤هەمین شار و بەپێی فەزای فێرکاریی دوایین شاری ئێرانە. هەروەها وتبووی: ٤٤% لە قوتابییانی شاری مەریوان لە قوتابخانە داڕماوەکاندا خەریکن درێژە بە خوێندن دەدەن و ٣٦% قوتابخانەکانیش پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە و بەم حاڵەشەوە، هەمووی ئەو قوتابخانانە لە دوو دانی بەیانی و دوانیوەڕۆدا کراوەن و کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.

نەبوونی فەزای لەباری فێرکاری، نەبوونی ئاسایش و داڕماوبوونی قوتابخانەکان له نیگەرانییەکانی بنەماڵەکان بۆ ناردنەوەی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە و درێژەدان بە خوێندنە.