کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاوه بەهرامی: ئەمڕۆکه پێویستمان به یەکگرتوویی و گوتارێکی نیشتمانپەروەرانە هەیه

17:10 - 24 خاکەلێوه 2719

وتووێژ: شەهرام میرزائی

دوابەدوای ناساندنی سپای پاسداران وەکوو هێزی تێروریستی له لایەن ئامریکاوه، شەپۆلێک لە پێشوازی و پێخۆش‌بوونی گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کوردی لێکەوتەوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا حیزبه شۆڕشگێڕەکانی کوردستان به تایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵوێستی ئەرێنییان بەرانبەر بەو بڕیاره گرت و لە راگەیەندراوێکدا کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بڵاویان کردەوه هاتووه: "لەحاڵێکدا کە پێویست بوو زۆر زووتر لە ئێستا و پێش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا وڵاتانی ئورووپایی و یەکیەتیی ئورووپا ئەو پێویستییەیان ئەنجام دابا، کە بەشێکی بەرچاوی تێرۆرەکانی سپای پاسداران لە وڵاتانی ئەوان بە ئەنجام گەیشتوون و سەروەریی خاک و دەسەڵاتی ئەوانی پێشێل کردووە". هەر لەم راستایەدا حیزبەکانی ئاڵمانیش به تەواوەتی پاڵپشتییان له به تێروریست ناساندنی سپا کردووه. "یوورگێن هارت"، وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی حیزبی دێموکرات مەسیحیی ئاڵمان، به دەوڵەتی ئەو وڵاته هۆشداری داوه که دەبێ بێجگه له پاڵپشتی له بڕیاری ویلایەته یەکگرتووەکان، سپای پاسدارانیش له لایەن دەوڵەتی فیدراڵی ئاڵمانەوە بخرێته نێو لیستی تێرور.

لەم پەیوەندییەدا، لەگەڵ بەڕێز کاوه بەهرامی، بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وتووێژێکمان پێک هێناوه که دەخرێته بەردیدی خوێنەرانی هێژای ماڵپەڕی "کوردستان میدیا".

نەخش و رۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان له ماوەی چوار دەیه دەسەڵاتداری رێژیمی ئێران، له شەڕ لەگەڵ سپا چی بووه؟

سپای پاسداران وەک هێزێکی ئیدئۆلۆژیکی پارێزەری نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران و بیری سەدەنێوەڕاستی ویلایەتی فەقیه پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، بە مەبەستی سەقامگیری و پەرەپێدانی هزری شیعەگەری لە ئێران و دەرەوەی ئێران ڕێکخرا.

هەر لە سەرەتای پێکهاتنی ئەم هێزە، شەڕی دژی گەلی کورد لە کوردستان دەستی پێکرد و راستەوخۆ لەژێر فەرمانی خومەینی لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان شەڕیان دژی خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەستپێکرد و لە قاڕنێ، قەڵاتان، سنە، مەریوان و شەڕی ماڵوێرانکەری پاوە کە شەڕی سەرانسەری کوردستانی لێکەوتەوە و خومەینی فتوای جیهادی دژی گەلی کورد دەرکرد، هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەورێکی کاریگەر و سەرەکی لە پێوەندی لەگەڵ خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بوو.

خومەینی و دارودەستەکەی لە سەرەتای پێکهاتنی کۆماری ئیسلامی دژی مافە رەواکانی گەلی کورد هەڵوێستیان گرت و سەلماندیان کە سپای پاسداران هێزێکی دژی کورد، دژی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلانی ئێرانە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەر لە سەرەتای پێکهاتنی ئەم سپا تێروریستییە هەڵوێستی خۆی راگەیاند. چل ساڵە حیزبی دێموکرات شەڕ دژی تیرۆر دەکا و وەک قوربانییەکی تیرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێستاش لێبڕاوانە لە گۆڕەپانی خەباتدایە.

بۆچی حیزبی دێموکرات لەو باوەڕەدایه که لەم چوار دەیه لەگەڵ تێروریزم شەڕی کردووه ؟

سپای تیرۆریستی پاسداران چوار دەیەیە لە کوردستان و ئێران و سەرانسەری جیهان دەستی داوەتە کردەوەی تیرۆریستی، هەم نەیارانی خۆی لە ئێران و کوردستان و هەم دژبەرانی ویلایەتی فەقیە لە باقی وڵاتانی جیهان تیرۆر دەکا. ئەو کردەوە تیرۆریستییانەی کۆماری ئیسلامی کە وڵاتانی جهان جگە لە ئێران و کوردستان لە لایان سپای تیرۆریستی پاسداران ئەنجام دراون کە دەکرێ ئاماژە بکەین بە تیرۆری رێبەرانی شەهید دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە ویەنی پێتەختی وڵاتی ئوتریش، تیرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە بێرلین پێتەختی وڵاتی ئاڵمان کە بە کردەوەی تیرۆریستی میکۆنۆس ناوبانگی دەرکرد و دەیان کردەوەی تیرۆریستی دیکە لە باقی وڵاتانی جیهانی ئەمە دەسەلمێنێ کە هەڵوێستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دژی سپای تیرۆریستی پاسداران ڕەوا بووە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان هێزێکی دژە تیرۆر و ئازادیخوازە و خەبات بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و دێموکراسی دەکا.

به ناساندنی سپا وەکوو رێکخراوێکی تێروریستی، رۆڵی بزاڤی میللی-دێموکراتیکی کوردستان له نێو هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان چۆن دەبینن؟

گەلی کورد چل ساڵە دژی رێژیمێک لە حاڵی شەڕ و خەباتە کە پێکهێنەری سپایەکی تیرۆریستییە و دەستی جینایەتی لە سەرتاسەری جیهان روون بۆتەوە، ئێستاکە بە شێوەیەکی فەرمی، وەک سپایەکی تیرۆریستی لە جیهاندا ناوبانگی دەرکردوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان زیاتر لە جاران دەتوانێ ڕۆڵ بگیڕێ و باندۆری خۆی زیاتر بکات بەتایبەت لە هاوکێشە ناوچەیی و جیهانییەکاندا. هێزی پێشمەرگەی کوردستان هێزێکی شۆڕشگێڕی بزاڤی نەتەوەیی گەلی کوردە کە لە ساڵی ١٣٩٥ راسانی رۆژهەڵات بۆ خەباتی بێوچان دژی رێژیمی کۆماری ئیسلامی راگەیاند، کە دەتوانێ لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان وەک هێزێکی دژی تیرۆر بۆ سەقامگیری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رزگاری گەلانی ئێران لە چنگ ئەو رێژیمە ئەژمار بکرێ، تەنیا هێزێک کە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا دژی ئەم رێژیمە و سوپا تێرۆریستییە‌کەی بەردەوام لە حاڵی خەباتدا بووە هێزی پێشمەرگەی کوردستانە کە تا رووخانی کۆماری ئیسلامی درێژە بە خەباتی خۆی دەدات.

پارته کوردستانییەکان به گشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران به تایبەتی، چون دەتوانن لەم هەله به قازانجی خەباتی رەوای گەلەکەمان، کەڵک وەر بگرن؟

ئێستا لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە، سوپای پاسداران وەک هێزێکی تێرۆریستی ناسێندراوە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و باقی هێزەکانی دیکەی کوردستان کە وەک هێزێکی شۆڕشگێڕ دژی ئەم رێژیمە خەباتیان کردووە پێویستە بە یەکگرتوویی و گوتارێکی نیشتمانپەروەرانە لەم هەلە کەڵک وەرگرن و لەگەڵ باقی هێز و لایەنەکان کە دژی تێرۆریزمن، پێوەندی بگرن و لە بەرەی دژەتیرۆر خەبات بکەن، ئێستا کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک هێزی شۆڕشگێڕ لە سەنگەری دژەتیرۆردایە و خەباتێکی نوێ بۆ رووخانی کۆماری ئیسلامی بە ناوی راسانی رۆژهەڵاتی راگەیاندووە و لەلایەن خەڵكی کوردستانەوە پێشوازییەکی بێوێنەی لێکراوە، پێویستە لەگەڵ هێزە رەسەن و شۆڕشگێڕەکانی کوردستان لەلایەک و هێزە شۆڕشگێڕەکانی ئێران لە لایەکی دیکەوە هەوڵی بەرەیەکی یەکگرتوو بدەن؛ هەر چەشنە هەنگاوێک وەک ئەم هەنگاوە دەتوانێ لە بەرەوپێشچوونی شۆڕش بۆ رووخانی کۆماری ئیسلامی دەوری کاریگەری هەبێ.

پێش له ناساندنی سپا وەکوو رێکخراوێکی تێرۆریستی و هەروەها دوای ئەوەیکە، رێبەرانی کۆماری سێدارەی ئیسلامی دەستیان داوەته هەڕەشه له هێزه‌کانی ئامریکا، ئەم هەڕەشانه چەنده دەتوانێ کاریگەرییان هەبێت؟

کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای پێکهاتنییەوە، دروشمی نەمانی ئامریکای هەڵگرتووە واتە( مرگ بر آمریکا)، چل ساڵە ئەم دروشمە بێ ناوەڕۆکە بەردەوام دووپات دەکاتەوە و پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای ئێرانیش بەو دروشمە بەتەواوەتی لاواز کردووە، بەڵام لە ژێرەوە دەیهەوێ بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئامریکا رێک بکەوێ؛ سازانی بەرجام بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی نەچووە پێش، هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئامریکا تەنیا لە چوارچێوەی راگەیاندنێک دەمێنێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئیمکانی ماددیی و ئینسانی بە تایبەت تێکنۆلۆژی ئامریکا، هەڕەشەکانی ئێران کاریگەریان بۆ سەر ئەو وڵاتە نابێ.

 وڵاتێکی زلهێزی وەک ئامریکا خوێندنەوەی خۆی پێش راگەیاندنی سپای تیرۆریستی پاسداران وەک هێزێکی تێرۆریستی سەبارەت بە ئێران لە هەموو بوارەکاندا لێک داوەتەوە؛ ئامریکا چەند ساڵ تاوتوێی ئەم پرسەی کرد تاکوو سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە، لە حاڵێکدا ئێران، لە چەند خولەکدا، هێزەکانی ئامریکای خستە بەناو لیستی تیرۆری خۆیەوە کە ئەمە جگە لە گاڵتەجارییەک و خۆراکێکی پڕوپاگەندەیی نێوخویی هیچی تر نییە و لە کردەوەدا بڵقی سەرئاوە.