کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبخانەی ناوەندیی کرماشان هەروا نیوەچڵە

11:58 - 2 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: کتێبخانەی ناوەندیی شاری کرماشان، پاش تێپەڕینی ١١ ساڵ هێشتا نیوەچڵە و تەنیا ٣٢ لەسەد گەشەی فیزیکی هەبووە.

کتێبخانەی ناوەندیی کرماشان، یەکێک لە گرینگترین پرۆژە نیوەچڵەکانی ئەم پارێزگایەیە، کە ١١ ساڵ پێش ئێستا کارەکانی دەتی پێ کردبوو، بەڵام بە هۆی نەبوونی بوودجەی پێویست هێشتا بە نیوەچڵی ماوەتەوە.

مەعسوومە خانسار، بەرپرسی کتێبخانە گشتییەکانی پارێزگای کرماشان، بە ئاماژەکردن بەوەی کە بەرەوپێشبردنی فیزیکیی بینای ئەم کتێبخانەیە ٣٢ لەسەدە، وتوویەتی: کاری دروستکردنی ئەم بینایە پاش چەند ساڵ ڕاگیران، دیسان سەرلەنوێ دەستی پێ کردووەتەوە. وتیشی: داواکاریی دروستکردنی کتێبخانەی ناوەندی لە ساڵانی ڕابردوودا پێشکەشی وەزارەتی ئیرشاد کرا، بەڵام بە هۆی نەبوونی ئیعتبار، قەبووڵ نەکرا.

لە لایەکی تریشەوە، فەزڵوڵڵا ڕەنجبەر، فەرمانداری کرماشان باسی لەوە کردووە: کە وەزارەتی ئیرشاد بەڵێنی یارمەتیدانی ماڵیی داوە، بەڵام پێش لەوە دەبێ دەزگا حکوومەتییەکان نیوەی بوودجەکە دابین بکەن.

ڕەنجبەر هەروەها وتوویەتی: ئوستانداری، ئیدارەی کتێبخانەکانی پارێزگا و نوێنەرانی مەجلیس بەدواداچوون بۆ دابینکردنی بوودجەکە دەکەن و هیوادارین لە بوودجەی ساڵی ٩٨دا ئەم پرۆژەیە لەبەرچاو بگیردرێت!

نیوەچڵ مانەوەی پرۆژەی ئەم کتێبخانەیە لە حاڵێکدایە، کە بەرپرسان، دەوڵەت و دەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیم، بوودجەیەکی زۆر بۆ دامەزرانی ماڵی قورئان (خانە قرآن) و هەروەها پرۆژە دینییەکانی تر تەرخان دەکەن و بەشە گرینگەکان وەک کتێب و کتێبخوێندن دەخەنە پەراوێزەوە.