کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبی " دیتنەوەی کوردستان" چاپ و بڵاو کرایەوە

10:34 - 26 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: کتێبی "Finding Kurdistan"( دیتنەوەی کوردستان) لە نووسینی "هاوڕێ حەداد" چاپ و بڵاو کرایەوە و ئەو کتێبە خرایە بەر دیدی خوێنەران و خوازیارانی کتێب خوێندنەوە.

کتێبی "Finding Kurdistan" واتا "دیتنەوەی کوردستان"، بە قەڵەمی "هاوڕێ حەدادی" لە ساڵی ٢٠١٨ زایینی لە ئامریکا چاپ و بڵاو کرایەوە.

نووسەری ئەو کتێبە پاش چەند ساڵ هەوڵ و ماندووبوون ئەزموون و ڕوانگەی خۆی بە نیسبەت کوردستان و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دووتوێی کتێیکی ٢١٢ی لاپەڕەیی بە زمانی ئینگلیزی خستووەتە بەر دیدی خوێنەرانی ئامریکا و گشت وڵاتە ئینگلیزی زمانەکان.

ئەو کتیبە لە دوو بەشی سەرەکی پێک هاتووە، واتە کورد کییە و لە چ وڵات‌گەلێ دا دەژیت و کلتوور و داب و نەریتیان چییە؟ هەورەها ئەو وڵاتانە چۆناوچۆن لەگەڵ گەلی کورد هەڵسوکەوتیان کردووە؟

بەشی دووهەمیشی وەک کورد دەڵێ: "چێم بینی و چیم نەبینی"ـی نووسەری کتێبەکەیە کە سەردانی هەندێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی وەک بۆکان، مەهاباد، سەردەشت و بانەی کردووە و وەکوو سەفەرنامەیەک باسی دۆخی ئێران و بەتایبەتی کوردستانی کردووە کە لە چ دۆخێکی نابەرابەر دا دەژین. هەروەها نووسەر ئاوڕی لە کێشەگەلی ژن و دۆخی ژنان و ناعەداڵەتییەکانی داوەتەوە کە بە سەریاندا سەپاوە.

لە بەشێک لەو کتێبەدا نووسەر باسی ئەزموونی خۆی دەکات کە لە بۆکان خۆی و بنەماڵەکەی لە لایەن ئیتلاعاتەوە بە تاوانی سیخوڕی بۆ ئامریکا دەسبەسەر دەکرێن و ئەزیەت و ئازارێکی زۆر دەدرێن.

بە گشتی ئامانجی نووسەر لە بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە ناساندنی گەلی کوردە بۆ خەڵکی ئامریکا کە لە هیچ چەشنە ماف و ئازادییەک بەشدار نین. خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە ئەو کتێبە زۆرتر ئاوڕی داوەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باسی ژینگەی ئەو بەشەی  کردووە.

"هاوڕێ حەدادی"، ماستەری لە زانکۆی بۆستۆن وەرگرتووە. ساڵی ١٩٩٥ی زایینی لە شاخەکانی سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لەدایک بووە. دایک و باوکی ناوبراو بە هۆی ئەندامبوون و پێشمەرگایەتی لە ناو حیزبی دێموکڕاتدا بە ناچار لە ساڵی ١٩٩٧ی زاینییەوە لە ئامریکا دەگیرسێنەوە.