کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کتێبی ''موسافرانی مەرگ'' بڵاو کرایەوە

11:26 - 5 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: کتێبی "موسافرانی مەرگ" (مسافران مرگ)، کە بەسەرهات و بیرەوەرییەکانی بەجێماوانی ئەنفال باس دەکات، لە لایەن "مورتەزا مورادیـ"ـیەوە بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێردڕا و بڵاوکرایەوە.

کتێبی ''موسافرانی مەرگ'' بەرهەمی ''عارف قوربانی''، نووسەر و ڕۆژنامەوانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە بەسەرهات و بیرەوەرییەکانی بەجێماوانی ئەنفال باس دەکات، لە لایەن "مورتەزا مورادیـ"ـیەوە بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێدڕا.

بەرگی یەکەمی ئەم کتێبە لە دوو بەش پێکهاتووە کە بەشی یەکەمی لەسەر شاڵاوەکانی ئەنفالی کوردستان و قۆناغەکانی ئەم کارەساتە لە لایەن ڕێژیمی بەعسەوە و هەروەها بیرەوەرییەکانی ژمارەیەک لە قوربانییانی ئەنفال دەگێڕێتەوە. بەشی دووهەم لیستێک لەو کەسانەی کە ئەنفال کراون لەخۆ دەگرێت.

لە بەرگی دووهەمی ئەم کتیبەدا بیرەوەریگەلێک لە زمانی قوربانییانی ئەنفالەوە دەگێڕدرێتەوە.

 بەرگی سێهەمی ئەم کتێبە، بیرەوەریی بەجێماوانی ئەنفال لەخۆ دەگرێت، بەم جیاوازییەوە کە بیرەوەریی سێ ژنی کورد دەخاتە ڕوو کە دوای بومبارانی کیمیایی شاری هەڵەبجە زیندوو دەمێننەوە و وەکوو پەنابەر ڕوو لە خاکی ئێران دەکەن، بەڵام دوای ٦مانگ بەهۆی لێبووردنی گشتی دەگەڕێنەوە بۆ عێراق و بۆ ئۆردوگای ''نوگرە سەلمان'' دەنێردرێن، ئەم سێ ژنە دوای چەند مانگ ئازار و ئەشکەنجە، ئازاد دەکرێن.

هەروەها بەرگی چوارەمی ئەم کتێبە، وتووێژێکە لەگەڵ جەلادانی ئەنفال و سێ کەس لە بەجێماوانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان.

وەرگێڕی ئەم کتێبە باس لەوە دەکات کە ئەم کتیبە جگە لە بیرەوەری و وتووێژەکان، دێکیۆمێنتارێکە کە جینایەتەکانی ئەنفال زیاتر دەناسێنێت.

"مورتەزا مورادی"، ساڵی ١٣٦٥ لە شاری کرماشاندا لەدایک بووە و بەرهەمێکی دیکەی لە بیرەوەرییەکانی ئەنفالی لەژێر ناوی "لە گۆڕ گەڕاوە" (از گور برگشتە)، لە نووسراوەکانی "عارف قوربانیـ"ـی وەرگێڕاوە.

 كارەساتی ئەنفال، بە ھەشت قۆناغدا تێپەڕی، لە ئەنجامی ئەو کارەساتەدا ١٨٢ ھەزار كورد ئەنفال كران. ژینۆسایدەكە ھێندە بەرفراوان بووە کە زۆرینەی شارۆچكە و گوندەكانی باشووری كوردستانی گرتەوە.

کۆمەڵکوژیی ئەنفال، لە لایەن ڕێژیمی "بەعسـ"ـەوە، بە ئامانجی لەنێوبردنی كورد لە ساڵی ١٩٨٦ـەوە دەستی پێکرد و لە ساڵی ١٩٨٩دا کۆتایی پێھات.