کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرماشان زیاتر لە ٥٠ هەزار خوێندەواری بێکاری هەیە

10:46 - 31 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ئامارە بڵاوکراوەکانی خودی ڕێژیمی ئێران نیشان دەدەن کە لە پارێزگای کرماشاندا، ٥٠ هەزار و ٧٥٠ کەسی بێکار بوونیان هەیە کە خوێندنی زانکۆشیان تەواو کردووە.

"حەسەن عەزیزی"، بەرپرسی تەعاون، کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی پارێزگای کرماشان، سەبارەت بە ڕێژەی بێکاربوونی کەسانی خوێندەوار لەم پارێزگایەدا، باسی لەوە کردووە کە ڕێژەی ٥٠ هەزار و ٧٥٠ کەس لەو کەسانەی کە خوێندنی زانکۆیان تەواو کردووە لە ڕیزی بێکارانی ئەم پارێزگایەدان.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها ئاماژەی بە نرخی بێکاریی کەسانی خوێندەوار لە پارێزگای کرماشاندا کردووە و وتوویەتی: "نرخی بێکاریی خوێندەواران لە ئێراندا، بەگشتی ١٨.٣ لەسەدە، بەڵام ئەم نرخە سەبارەت بە بێکارانی پارێزگای کرماشان دەگاتە ٢٨.٥ لەسەد.

بێکاری لە گرینگترین کێشەکانی لاوان بەتایبەت لاوانی کورد بەئەژمار دێت، بە شێوەیەک کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە لاوانی خوێندەواری کوردستان لە پارێزگا جیاوازەکاندا، ناچارن بە پێچەوانەی حەز و ویستی خۆیان و بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان، ڕوو لە کارگەلێکی وەکوو کۆڵبەری بکەن.