کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرماشان و زامێکی ناسۆر

14:11 - 5 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: زامی ناسۆری پارێزگای کرماشان دووبارە برینی هەڵگرتەوە و زامدارانی زامدارتر کرد.

کاتژمێر ٨ و ٧ خولەکی شەو، بوومەلەرزەیەک بە هێزی ٦/٤ ڕیشتێری هەموو پارێزگاکانی کوردستانی ئێرانی هەژاندەوە. ناوەندی ئەمجارەی بوومەلەرزەکە ١٧ کیلۆمێتری شاری سەرپێڵ، ١٨ کیلۆمێتری قەسری شیرین و ٣٣ کیلۆمێتری شاری گێڵان بوو کە لە قووڵایی ٧ کیلۆمێتری زەوی ڕووی دا.

بەهۆی ئەم بوومەلەرزەوە کە بەشێک لە کوردستانی باشووریشی گرتەوە، زیاتر لە ٥٥٠ کەس بریندار بوون و زەرەرێکی زۆری ماددی و گیانی وەبەر دانیشتووانی ئەم ناوچانە کەوت.

هەرچەند تا ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی لەسەر ڕێژەی قوربانیانی ئەم بوومەلەرزە بڵاو نەکراوەتەوە بەڵام بەپێی هەندێک ئاماری نافەرمی لانیکەم ١٢ کەس بەم هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

شەوی ڕابردوو خەڵکی ئەم ناوچانە بەهۆی دۆخی داسەپاو لە دەرەوەی خانووەکانیان بوون و لەژێر ڕەهێڵەی باران و سەرما شەویان بە ڕۆژ سپاردووە و شاهێدی کۆمەڵێک پاشلەرزەی سووک و قورس بوون.

بەپێی لێدوانی هەندێک لە بوومەلەرزەلێدراوانیش هەنووکە خەڵک لەگەڵ کەمی و نەبوونی ئاوی خواردنەوە و بێ‌کارەبایی بەرەوڕوون و یارمەتییە حکوومەتییەکان لەوپەڕی لاوازی خۆیاندایە.

هەرچەند دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم هەوڵی داوە کە رێژەی خەسارەکان لەم ڕووداوەدا چەواشە بکات و ئامارێکی درووست نەدات بەدەستەوە بەڵام هەندێک کاناڵی تێلێگرامی خەڵکیی لە نێوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە شوێنی ڕووداوەکە باس لە زۆربوونی خەسارەکان دەکەن.

ساڵی ڕابردووش یەکشەممه شەو، ٢١ی خەزەڵوەر، بوومەلەرزەیەک بە گوژمی ٧.٣ ریشێەر، بەشی هەرە زۆری باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێکی زۆری پارێزگای کرماشانی هەژاند.

هەرچەند دەوترێ تێپەڕبوونی زمەن، کێشه و گرفتەکان چارەسەر دەکات یان لانیکەم ئازاری گرفتە پێشهاتووەکان کەم دەکاتەوە بەڵام ئەم مەسەلە، نە تەنیا لەسەر کرماشان و ناوچه بوومەلەرزە لێدراوەکان ڕاست نییه، بەڵکوو پێچەوانه‌ی ئەو حوکمه لەسەر دۆخی ئێستای ئەم پارێزگایە بەتەواوی ڕاست دەرچووە و هەرچی کات تێپەڕ دەبێت ئاستی تراژێدیاکە و خەسارەکانی زیاتر دەبنەوە.