کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکار برسی دەکرێت تاکوو ئاغازادە تێر بێ!

16:06 - 29 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەت و کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ تێرکردن و کەمڕەنگ نەبوونی سفرەی ئاغازادەکان هەموو هەوڵێک دەدەن، یەک لەوانەش بەتاڵ‌کردنی سفرەی کرێکاران!

سەرۆکی یەکیەتیی کرێکارانی سەنعەتی ماشین‌سازی ئێران وێڕای باس کردن لەوەیکە دەوڵەت هیچ گرینگییەک بە کەرتی بەرهەمهێنان نادات و پشتیوانی لە ئابووریی ڕانتی دەکات دەڵێ: هاوردەکاران وێڕای هاوپیاڵەکانیان کە ئەرزی پێویست بۆ "هاوردە" دابین دەکەن، تەواوی ڕێڕەوەکانی بەردەوامی و ژیانی کەرتی بەرهەمهێنانیان داخستووە تاکوو بە نرخی بێکارکردن و بەتاڵ‌کردنی سفرەی کرێکاران ئاغازادەکان نان و کەبابی خۆیان بخۆن.

مۆجتەبا حاجی‌زادە وتوویەتی: لەحاڵێکدا زیاتر لە ٤٠ ساڵە ئێمە خاوەن کارخانەی ماشین‌سازین و هەزاران کرێکار لەم کەرتەدا کار دەکەن، دەوڵەت و دەزگا پێوەندیدارەکان بێ سەرنجدان بەم کەتوارە، دەستی هاوردەکارە زەبەلاحەکانیان ئاوەڵا کردووە تاکوو بە یارمەتی باندە مافیاییەکان و بە ئەرزی ٤٢٠٠تمەنی ماشین و کەلوپەلەکانی هاوردە بکەن و سکی ئاغازادەکان تێر بکەن.

ناوبراو وتوویەتی: هەرچەند کرێکارانی سەنعەتی لە ئێران خاوەنی ئەمنیەتی گیانی و پیشەیی نین و داهاتوویەکی گونجاو کە مافی ڕاستەقینەی ئەوان بێت بەدی ناکەن، بەڵام نەتەنیا ئاوڕ لەم چینە کەم داهات و زەحمەتکێشە نادرێتەوە، بەڵکوو بەپێچەوانەوە تەنیا بۆ تێرکردن و چاخ‌کردنی زیاتری ئاغازادەکان، دەوڵەت پشتی لە کرێکاران کردووە.

ئەم ڕەخنە و گلەییانە لە کاتێکدان کە بەبڕیاری عەلی خامنەیی دەبێ بۆ "پشتیوانی لە بەرهەمی نێوخۆیی و کاڵای ئێرانی!"، خەڵک "ئابووریی موقاومەتی!" قبووڵ بکەن و پێڕەوی لەم سیاسەتە بکەن بەڵام لە کردەوەدا دەبینین کە ئەم چەشنە درووشمانە تەنیا بۆ زیاتر هەڵلووشینی سامانی وڵات لەلایەن ڕێژیم و کەسانی سەر بە خۆیەتی.