کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی بەنداوی "کانی سێو" مانیان گرت

14:10 - 16 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ژمارەیەک لە کرێکارانی بەنداوی کانی سێوی پیرانشار بۆ جارێکی دیکە مانیان گرت.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، ڕێکەوتی ١٦ خەرمانان، کرێکارانی بەنداوی کانی سێو، سەر بە شاری پیرانشار، بەهۆی پێنەدانی مووچەی دواکەوتوویان، لە شوێنی کارەکەیاندا مانیان گرت.

ئەوە بۆ جاری چەندەمە کە کرێکاران بەهۆی پێنەدانی مووچەی مانگانەیان دەنگی خۆیان بە شێوەی مانگرتن بەرز دەکەنەوە و هۆی وەدواکەوتنی مووچەی ئەو کرێکارانە ناڕوونە.

کرێکارانی پرۆژەی بەنداوی کانی‎سێو‌ی (کانی سیب) پیرانشار بۆ ماوەیەکی درێژخایەنە کە مووچەیان پێنەدراوە و پەیمانکاری پرۆژەکە چەندین مانگیان پێ قەرزدارە.

لە ماوەی ڕابردوودا، کرێکارانی ئەو بەنداوە، بەهۆی پێنەدانی مووچە دەستیان دابووە مانگرتن.

مانگرتنی ئەو کرێکارانە هەتا ئێستا بە ئەنجام نەگەیشتووە و مانگرتنی کرێکاران درێژەی هەیە.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پێنەدانی مووچەی کرێکاران، نەبوونی بوودجە لە پاشکەوتیی ئەرزیی ڕێژیمی ئێراندایە.

لە پرۆژەی کانی سێودا، جودا لە مەبەستی سازکردنی بەنداو و تێکدانی ئێکۆسیستمی ناوچەکە، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسداران لە شوێنی دێپۆی ئاو، توونێلێکی گەورە لە ناوچەی خورینجدا لێدراوە.

پرۆژەی بەنداوی کانی سێو لەو پرۆژە گەورە و چەند بابەتییانەیە کە ڕێژیمی ئێران زیاتر لە ۱۳ ساڵە سەرقاڵی دروستکردنیەتی و هێشتا تەواو نەبووە.