کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی شارەداریی شادگان و ئابادان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە

12:19 - 23 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: کرێکارانی شادگان و ئابادان، لە پارێزگای خووزستان، لە هەمبەر نەدانی مووچەکانیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

ڕۆژی شەممە ٢٢ی بەفرانبار، کرێکارانی شارەداریی شادگان و ئابادان لە پارێزگاری خووزستاندا، لە هەمبەر کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئیدارەی کار لە پێوەندیی لەگەڵ نەدانی مووچەکانیان و مافە کرێکارییەکانیان، لە بەردەم بینای شارەداریی ئەم دوو شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە.

کرێکارانی شادگان لە مانگی ڕابردووەوە، بە هۆی نەدانی مووچەکانیان، چەندین جار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ڕێک خستووە.

بە وتەی کرێکارانی ناڕازی، بەرپرسانی شارەداریی ئەم دوو شارە، ماوەی ٨ مانگە مووچەیان بە کرێکاران نەداوە، کە بە هۆیەوە کرێکاران ڕوویان لە کارە بێئاکام و بێداهاتەکان کردووە.

هەرچەندە ئەم ناڕەزایەتییانە بەردەوام لە سەرتاسەری ئێراندا ڕووی لە زیادبوون کردووە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم لەم ئیدارە و ناوەندانەدا، کەموکۆڕییەکان دەخەنە ئەستۆی ئەو پەیمانکارانەی کە لەگەڵ کرێکارەکان گرێبەستی کاری واژۆ دەکەن، لە حاڵێکدا خودی پەیمانکارەکانیش لە هەمبەر نەدانی بوودجەی دیارکراو لە لایەن شارەدارییەکانەوە ناڕازین.