کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی شارەداریی مەریوان ناڕەزایەتییان دەربڕی

11:43 - 19 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: کرێکارانی شارەداریی مەریوان، لەهەمبەر نەدرانی مووچەکانیان لە بەرەبەری جێژنی قورباندا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کرێکارانی شارەداریی شاری مەریوان، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین لەهەمبەر نەدرانی مووچەکەیان، لە بەرەبەری جێژنی قورباندا، لە بەردەم شۆرای شاری ئەم شارەدا کۆبوونەوە.

لەم کۆبوونەوەیەدا کە زیاتر لە ٣٠ کرێکاری شارەداریی مەریوان تێیدا بەشداربوون، داوا لە بەرپرسانی شارەداری کراوە کە ئاوڕێک لە دۆخی کرێکاران بدەنەوە.

نزیکبوونەوەی جێژن و کڕینەکانی پێش لەم بۆنەیە، تێچووی بنەماڵەکان زیاتر لە ڕابردوو دەکاتەوە، هەر بۆیە گوشار بۆ سەر کرێکارانیش زیاتر دەبێتەوە.

کرێکاران لە شارەکانی ئێران و کوردستاندا، بە مانگرتن و کۆبوونەوە، بۆ دەستەبەرکردنی مافە سێنفییەکانی خۆیان هەوڵ دەدەن، بەڵام لە بەرانبەردا، بە بێ هیچ وڵامێک لە لایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە، بەهۆی داواکردنی مافەکانی خۆیان، دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانە دەکرێن.