کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی شارەداریی کرماشان خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد

12:39 - 2 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کرێکارانی شارەداریی کرماشان، بە هۆی نەدانی مووچەی چەند مانگەیان لە لایەن بەرپرسانی ئەو ئیدارەوە، خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کرێکارانی شارەداریی ناوچەی ٧ی کرماشان، ڕۆژی پێنجشەممە، ١ی سەرماوەزی، بۆ دووهەمین جار بە نیشانەی ناڕەزایەتیی لە هەمبەر نەدانی مووچەی چەند مانگەیان دەستیان لە کار کشایەوە و لە بەردەم بینای شارەداریی کۆ بوونەوە.

حامد لەعل‌بەخش، بەرپرسی شارەداریی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەر، بەڵێنی دابوو کە مووچەی مانگی گەلاوێژ و خەرمانان بە کرێکاران بدەن، بەڵام هەتا ئێستە ئەم بڕیارە جێبەجێ نەکراوە.

کرێکارانی شارەداریی کرماشان وەکوو هەموو کرێکارانی دیکەی شارەدارییەکانی ئێران، بە شێوەی گرێبەستی کاتی و لە ڕێگای کۆمپانیا پەیمانکارییەکانەوە دادەمەزرێن و لە هەر جۆرە مافێکی سەرەتایی و سەرەکی بێبەشن.

سەرەڕای ئەوەی کە مافە سەرەکیی کرێکارانی شارەداریی ناوچەی ٧ی کرماشان، لە لایەن شارەدارییەوە پێشێل کراوە، لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵیشەوە هیچ مووچەیەکیان پێ نەدراوە و بەو دۆخە نالەبارەی ئابووریی ئێران دەبێت بە دواکەوتنی مووچە و حەقدەست کارەکانیان ڕاپەڕێنن.

ئەم خۆپیشاندانە درێژەی خۆپیشاندانی دیکەی کرێکارانی شارەدارییەکانی ئێرانە، کە بە هۆی باری نالەباری ئابووری و هەروەها کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم، ئەم چینە لە کۆمەڵگا کە لە زەحمەتکێشترین چینەکانی کۆمەڵگا بە ئەژمار دێن، سەرەڕای خراپیی بژێوی ژیانیان  دەبێت چەندین مانگ چاوەڕوان ببن، هەتا مووچەکانیان پێ بدرێت.