کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی شیرکەتی "هێپکۆ"، لە بەرامبەر مافە پێشێلکراوەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی

12:04 - 26 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: کرێکارانی شیرکەتی "هێپکۆ"، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە پێشێلکردنی مافەکانیان و نەدانی موچەی چەند مانگیان، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا کە ‌هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەتوندی سەرکوتیان کردن.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی خەرمانان، کرێکارانی شیرکەتی "هێپکۆ" لە شاری ئەراک، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دواکەوتنی موچەی چەند مانگیان و چارەسەرنەکردنی کێشەکانیان، ڕێگای ئاسنیی نێوان باکوور و باشووری ئێرانیان داخست.

پێشتریش ئەم کرێکارانە چەند جارێک بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کێشەکانیان، کۆبوونەوەیان ئەنجام دابوو.

ناڕەزایەتیی ئەمجارەی کرێکارانی شیرکەتی "هێپکۆ" بۆ بەدەستهێنان و وەرگرتنی مافە ڕەواکانیان، کاردانەوەی توندی هێزەکانی ڕێژیمی بەداوەوە بوو و هێزەکانی ڕێژیم بەتوندی هێرشیان کردە سەر کرێکارانی ناڕازی.

بەپێی سەرچاوە نێوخۆییەکان، لە ئەنجامی هێرشی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیم، زیاتر لە ٤٠ کرێکار دەسبەسەرکراون و ١٥ کرێکاریش بریندار کراون.

حەوتووی ڕابردوو، وەزیری پیشە، کان و بازرگانیی ڕێژیم، بەرپرسێکی نوێی بۆ ئەم شیرکەتە دیاریکردبوو، بەڵام کرێکارانی ناڕازی پێیان وایە، گۆڕینی بەرپرسی شیرکەت کێشەکانیان چارەسەر ناکات.