کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی نانەواخانەکان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

17:10 - 17 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: بەشێکی بەرچاو له کرێکارانی نانەواخانەکانی تەبەس لە پارێزگای خوراسانی باشوور، له هەمبەر کەمبوونەوەی مووچە و نەچوونەسەری نرخی نان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی بەفرانبار، بەشێک له کرێکارانی نانەواخانەکانی تەبەس به هەڵگرتنی پلاکارتگەلێک به دروشمەکانی، "ئێمەی کرێکاری نانەواخانەکان، شەرمەزاری منداڵەکانی خۆمانین"، " ئێمە خوازیاری دیاریکردنی دادپەرورانەی نرخی نانین" و " ئێمە به داهاتی ساڵی ٩٣ـەوە لە ساڵی ٩٧دا دەژین" و هەروەها "دەوڵەت لە گیرفانی نانەواکان یارانه به خەڵک دەدات"، لە پێوەندی لەگەڵ مووچەی کەم و زۆرنەکردنی نرخی نان کۆبوونەوەیان بەڕێوە برد.

نانەواکانی ئێران له ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، خوازیاری زیادکردنی نرخی نان بوون، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم هیچ هەنگاوێکیان لەم بارەوە هەڵ نەگرتووە. کرێکارانی نانەواخانەکان لەسەر ئەو بڕوایەن، که نرخی ئێستای نان و داهات و تێچووی نانەواخانەکان ناتەبایە و ژیانی ئەوان لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بووەتەوە.

لە لایەکی تریشەوە، ئیسماعیل بەخشی، یەکێک لە نوێنەرەکانی کرێکارانی هەفت‌تەپە، که له درێژەی ناڕەزایەتییەکاندا، لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرابوو، به ناردنی نامەیەک بۆ وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیم، سەرەڕای باس لە ستەم و ئەشکەنجەکان لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا، وەزیری ئیتلاعاتی بۆ وتووێژێکی تەلەفزیۆنی بانگهێشت کردووە.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی نامەکەی ئیسماعیل بەخشی، ٣٤ دامەزراوەی خوێندکاریش، وێڕای پشتیوانی لەم داخوازییە، بۆ بەڕێوەچوونی وتووێژەکە ئامادەییی خۆیان دەربڕیوە.

ناڕەزایەتی و کۆبوونەوەی کرێکارییەکان لە بەفرانباری ساڵی ڕابردووەوە هەتا ئێستا بەردەوامن و هەر جار یەکێک لە دامەزراوە و توێژەکانی کۆمەڵگا به بڵاوکردنەوەی بانگهێشت، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.