کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی پێترۆشیمیی بێستوون لە کرماشان ناڕەزایەتییان دەربڕی

11:06 - 22 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: کرێکارانی پەیمانکاریی پێترۆشیمیی بێستوون لە پارێزگای کرماشان دەستیان دایە ناڕەزایەتی دەربڕین و مانیان گرت.

ئەم کرێکارانە لە ڕۆژی ١٩ی خەزەڵوەرەوە ناڕەزایەتی دەربڕینی خۆیان لە هەمبەر مووچەی کەم و دۆخی نادادپەروەرانەی کار و نەدانی پاداش دەستپێکردووە.

هەروەها، کرێکارانی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ڕۆنی جیهان لە زەنجان، ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی خەزەڵوەر بۆ جارێکی دیکە و بە هۆی ناڕازی بوون لە نەدانی مووچەکانیان و دابین نەبوونی داخوازییەکانی دیکەیان، کۆبوونەوەیان بەڕێوە برد.

ئەم کرێکارانە، ٥ مانگە کە مووچەیان وەرنەگرتووە و ٢٨ مانگە کە پارەی بیمەکەشیان پێ نەدراوە.

لە لایەکی تریشەوە، هەر لەو ڕۆژەدا، کرێکارانی شارەداری خنافره له شادگانی پارێزگای خووزستان، لە هەمبەر وەرنەگرتنی ٦ مانگ مووچە ناڕەزایەتییان دەربڕی؛ هەروەها کرێکارانی مێترۆی ئەهوازیش ڕۆژی ڕابردوو بۆ دووهەمین ڕۆژی یەک لە دوای یەک، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هاوکات لە هەمان ڕۆژدا، کرێکارانی کۆمەڵگەی کشت و سەنعەتی نەیشەکەری هەفت تەپە، بۆ هەشتەمین ڕۆژ، کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی؛ ئەوان لە ١٤ی خەزەڵوەرەوە خولی نوێی ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی خۆیان دەست پێکردووەتەوە.

ئەم کرێکارانە سێ مانگه مووچەیان وەرنەگرتووە.

بە پێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە یەک ساڵی رابردوودا، زیاتر لە ٦٠٠٠ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە لایەن کرێکاران و لە شارەکانی ئێراندا بەڕێوەچووە کە هۆکارەکەی بۆ وەرنەگرتنی مووچەی چەند مانگ، دەرکردنی بەکۆمەڵ، کەم بوونی مووچە و چەندین خاڵی دیکە دەگەڕێتەوە.