کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی "ڕینگسازیی مەشهەد" ناڕەزایەتییان دەربڕی

10:41 - 16 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: نزیک بە هەزار کەس لە کرێکارانی "ڕینگسازیی مەشهەد"، بە مەبەستی دیاریکردنی دۆخی سێنفیی خۆیان ، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی خەزەڵوەری ٩٧ی هەتاوی، ٩٤٥ کەس لە کرێکارانی کارخانەی ڕینگسازیی مەشهەد، بە هۆی دواکەوتنی خواستە سێنفییەکانیان و هەروەها نەگواستنەوەی ٥ لەسەدی پشکەکان بۆ کرێکارەکان، لە نێو کارخانەکەدا، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ئەم کرێکارانە بە کۆبوونەوە لە نێو کارخانەکەدا، خوازیاری پێدانی مووچە دواکەوتووەکانیان لە لایەن بەرپرسانەوە بوون.

کرێکارانی ئەم کارخانەیە پاش ١٥ ڕۆژ لە کاتی خۆی، مووچەی مانگی ڕەزبەریان وەرگرتووە و باسیان لەوە کردووە، کە گواستنەوەی یەکە بەرهەمهێنەرەکانی کارخانە بۆ کەرتی تایبەت، بەرهەمهێنانی گەیاندووەتە نیوە.

ئەوان هەروەها داوایان کردووە، کە ماوەی گرێبەستەکانیان لە یەک مانگەوە بۆ یەکساڵ بەرز بکرێتەوە؛ خۆیان ئەم کارە بە دروستکردنی بەستێن بۆ دەرکردنی کرێکارەکان دەزانن.

پێشتریش، کرێکارانی ئەم کارخانەیە بۆ وەدواخستنی هەڵبژاردنی شۆرای ئیسلامیی کرێکاران، لە لایەن بەرپرسانی کارخانەوە کۆبوونەوەیان بەڕێوە بردبوو، چونکە کارفەرماکەیان ئیزنی ئەو کارەی پێ نەدەدان.

کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان پاش گواستنەوەی یەکە بەرهەمهێنەرەکان بۆ کەرتی تایبەت، لە ئێراندا زیادی کردووە، کە ئەمە کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و دواتریش پێشێلکردنی مافی سێنفیی کرێکارانی بەدوادا دێت.

گۆڕانکاریی لە گرێبەستەکانی کار، دروستکردنی لەمپەر بۆ دەستپێکردن یان درێژەدان بە کاری بەشە سێنفییەکان و نەدانی پشکی کرێکاران لە کەرتی تایبەتدا، لە گەورەترین کێشەکانی کرێکارانن.

لە بەفرانباری ساڵی ڕابردووەوە، کرێکارانی زۆربەی کەرتە گشتی و تایبەتەکان لە ئێراندا بەرانبەر بە دۆخی نالەباری ژیانی خۆیان دەستیان داوەتە ناڕەزایەتیدەربڕین و بە  بەردەوامبوون لە مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕین، داوای مافەکانی خۆیان کردووە.