کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارەکانی شیری پگای تاران لە بەرانبەر سپای پاسداران ناڕەزایەتییان دەربڕی

10:58 - 18 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کرێکارەکانی شیری پگای شاری تاران، لە هەمبەر داگیرکردنی زەوییەکانییان لە لایەن سپای پاسدارانەوە، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ڕۆژی شەممە، ١٧ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، کرێکارەکانی شیری پگای تاران، بۆ دژایەتیکردن و ناڕەزایەتیدەربڕین لە بەرانبەر داگیرکردنی زەویەکانییان لە لایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە، لە بەردەم  بینای دادوەریی تاراندا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هەواڵی ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە، لە کاناڵی تێلێگرامی یەکیەتیی ئازادی کرێکاراندا پشتڕاست کراوەتەوە، لە هەمبەر داگیرکردنی ١٥٠ هەزار میتر زەویدایە، کە ٢٠ ساڵ پێش لە شارەکی حەکیمییەی تاراندا پێیان دراوە، بەڵام دواتر لە لایەن سپای پاسدارانەوە داگیر کراوە و سەرەڕای هەبوونی حوکمی دادگاش بۆ گەڕاندنەوەی ئەم زەوییە، هێشتا پێیان نەدراوەتەوە.

کرێکارەکانی شیری پگای تاران، بە بەدەستەوەگرتنی پلاکارتگەلێک، کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکەی خۆیان درێژە پێ دا، کە لەسەری نووسرابوو: "ئێمە شەرم لە منداڵەکانی خۆمان دەکەین کە پێیان بڵێین زەوییەکانمان لە لایەن سپای پاسدارانەوە داگیر کراوە".

هەر لەم پێوەندییەدا، کرێکارانی فوولادی ئەهواز، ڕۆژی شەممە، ١٧ی سەرماوەز، ٢٩هەمین ڕۆژی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیان، بە دروشمی "هەڕەشە و زیندانکردن ئیتر کارمان تێ ناکات"، بەڕێوە برد.