کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارەکانی فوولادی ئەهواز بە گوڵی سوور، دەستخۆشییان لە خوێندکارەکان کرد

11:22 - 15 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کرێکارە ناڕازییەکانی فوولادی ئەهواز سەرەڕای درێژەدان به ناڕەزایەتییەکانیان، لە هەمبەر پشتیوانیی خوێندکاران لە ناڕەزایەتییەکانیان، به گوڵی سوورەوە دەستخۆشییان لە خوێندکارەکان کرد.

کرێکارەکانی فوولادی ئەهواز، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی سەرماوەز، لە بیست و شەشەمین ڕۆژی ناڕەزاتییەکانی خۆیاندا، لە بازاڕی ئیمامدا کۆ بوونەوە و گوێیان لە قسەکانی کەریم سەیاحی یەکێک لە نوێنەرەکانی خۆیان گرت.

کەریم سەیاحی لە نێوان قسەکانیدا، به شێوەی سەمبولیک گوڵێکی سووری پێشکەش بەو خوێندکارانە کرد که لە ڕۆژی سێشەممەدا، بۆ پشتیوانی لە کرێکارە مانگرتووەکان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردبوو.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: دڕووی ئەم گوڵە بۆ ئەو کەسانەیە کە پێشیان به خوێندکارەکان گرت.

کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی خوێندکارەکانی زانکۆی ئەمیرکەبیری تاران، دەستێوەردانی بەسیجییەکانی بەدواوە بوو.

هەر لەم پێوەندییەدا، کرێکارەکانی عومرانی شارەداریی ئابادان و شارەداریی ئابژدان لە هەمبەر نەدانی مووچەکانیان مانیان گرت.

لە لایەکی تریشەوە لە شاری تاران، ١٥٠ کرێکاری پرۆژەی هێڵی شەشی قەتاری شاری، لەسەر کارەکانیان دەرکراون.

نەدانی مووچە به کرێکارەکان لە شارەدارییەکاندا ڕۆژ بە ڕۆژ زۆرتر دەبێتەوە و بەم چەشنە ناڕەزایەتییە کرێکارییەکانیش پەرە دەستێنن؛ کرێکارەکان لەسەر داواکانی خۆیان سوورن و لە درێژەدان به ناڕەزایەتی و مانگرتن بەردەوامن.