کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کشانەوەی بانک و شیرکەتەکان لە ئێران بەردەوامە

12:51 - 30 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بانکێکی ئاڵمانی و شیرکەتێکی لەهستانی مامڵەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران ڕاگرت.

دوای کشانەوەی ئامریکا و دووبارە بوونەوەی گەمارۆوەکان، بانک و کومپانییە جیهانییەکان کە لە ئێراندا بازەرگانیان دەکرد، خەریکن پرۆژەکانی خۆیان لە ئێراندا ڕادەگرن، لە تازەترین کشانەوە، بانکی "دی زد"ی ئاڵمان و شیرکەتی"پی جی نیگـ"ـی لەهستان، چالاکییەکانیان لەگەڵ ئێران ڕاگرت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕویتێرز، بانکی " DZ"ی ئاڵمان کە نووسینگەی ناوەندیی لە شاری فرانکفورتە ڕایگەیاندووە، کە هەموو جۆرە ئاڵۆگۆڕی ماڵیی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕادەگرێت، هەروەها شیرکەتی" پی جی نیگ "ی لەهستان کە لە ئێران پرۆژەی گازی هەیە، ڕایگەیاندووە، بە هۆی ڕیسکی گەمارۆوەکانی ئامریکا، پرۆژەکانی خۆی لە ئێراندا سڕ کردووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوویشدا، شیرکەتی پۆڵاسازی ئیتالیا و کەشتیڕانی دانمارک، بازەرگانییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە، بەگشتی لە کاتی هاتنە‌دەرەوی ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، شیرکەتی ئەیرباس، توتاڵی فەڕانسە، شیرکەتی نەوتی ئێنی ئیتالیا، سریکا ئنێرژی بریتانیا، بویینگی ئامریکا، ئۆتۆموبیلسازیی سیتروئێنی فەڕانسە، زیمنسی ئاڵمان و چەندین کومپانیای دیکە، پڕۆژەکان و مامڵەکانی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاندووە، کە بازەرگانییەکانیان لەگەڵ ئورووپا بەردەوام دەبێت و ئورووپاییەکان بە ڕێککەوتننامەی بەرجام پێبەندن و بانک و کومپانیاکانیان لە پرۆژەکان لە ئێراندا بەردەوام دەبن.