کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کشانەوەی کومپانیا دەرەکییەکان لە ئێراندا بەردەوامە

12:32 - 22 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: پاش کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، زۆربەی کومپانیا دەرەکییەکان، چالاکی خۆیان لە ئێراندا ڕاگرتووە و دەیگرن.

لە نوێترین هەواڵی کشانەوەی کومپانیاکان لە ئێراندا، کومپانیاکانی مەزدا، هیوندای و هاپاگ لیولد، گرێبەستەکانی خۆیان لەگەڵ ئێراندا هەڵوەشاندووەتەوە، هەروەها کومپانیای نەوتیی "ناریا ئینرژیـ"ـی هیندوستان، ڕایگەیاندووە کە لە مانگی داهاتوودا، کڕینی نەوت لە ئێراندا دادەبەزێت.

کومپانیا ئوتۆموبیلسازییەکانی وەکوو: مەزدا و هیوندای، کە لەگەڵ کومپانیای "بەهمەن موتور"ی ئێران، گرێبەستیان هەبووە، پاش هەڵوەشاندنەوەی بەرجام لە لایەن ئامریکاوە لە ئێراندا کشاونەتەوە و ئەو کومپانیا ئێرانییە، کومپانیای "هاواڵـ"ـی چینی بۆ پرۆژە ئوتومۆبیلسازییەکان خۆی جێگیر کردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە، کومپانیای گواستنەوەی"هاپاگ لیولد"ی ئاڵمان، کە پێنجەمین کومپانیای گەورەی کانتینێر لە جیهانە، بەشێکی زۆر لە چالاکییەکانی خۆی لە ئێراندا ڕاگرتووە و ڕایگەیاندووە، کە بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا، ناتوانێت لە ئیراندا چالاکی بکات و بە زووترین کات بڕیاری کشانەوەی خۆی لە ئێران ڕا دەگەینێت.

دوای کشانەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، هەتا ئێستە دەیان کومپانیای گەورەی جیهان، گرێبەستەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندووەتەوە و بە هیچ شێوەیەک هاوکاری ئێران ناکەن.

کشانەوەی ئەو کومپانیانە، ڕیژیمی ئێران و خەڵکەکەی تووشی قەیران کردووە و کومپانیا ئێرانییەکان و ئابووریی ئێران میلیاردها دۆلار خەساری دیوە و ڕێژیمی ئیرانیش بۆ قەرەبووی ئەو خەسارانە بە دوای کومپانیا چینییەکان کەوتووە.