کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کشانەوەی کۆمپانیای ڤۆلکس واگۆن لە ئێران

11:21 - 29 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: کۆمپانیای ئۆتۆمبیلسازیی ڤۆلکس واگۆن، چالاکییەکانی خۆی لە ئێراندا ڕادەگرێت.

کۆمپانیای ئاڵمانیی ڤۆلکس واگۆن بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، زۆرینەی چالاکییەکانی لە ئێراندا ڕادەگرێت و بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی بلومبرگ، بەڕێوەبەرانی ئەو کۆمپانیایە دوای دانیشتن لەگەڵ باڵوێزی ئامریکا لە برلین، ئەو بڕیارەیان داوە.

ئەو کۆمپانیایە کە پاش ١٧ ساڵ کشانەوە لە بازاڕەکانی ئێراندا و لە دوای ڕێککەوتننامەی بەرجام لە ساڵی ٢٠١٧ زایینی، پرۆژەی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئێران واژۆ کردبوو، دیسان چالاکییەکانی خۆی لە ئێران ڕاگرت.

پاش دەستپێکردنەوە و تەندتربوونەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، کۆمپانیا دەرەکییەکان بەتایبەت کۆمپانیا ئوروپایییەکان لە کشانەوە لە ئێران بەردەوامن و هەتا ئێستە ٥٢ کۆمپانیای ئورووپایی لە ئێران کشانەتەوە کە زۆرینەیان کۆمپانیاکانی فەڕانسە و ئاڵمانن.