کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورتە فیلمی دوو دەرهێنەری کورد، خەڵاتێکی جیهانی پێ بەخشرا

17:52 - 15 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: کورتە فیلمی "زێبح" لە دەرهێنانی هاوبەشی دوو دەرهێنەری کورد، خەڵاتی فستیڤاڵی نێونەتەوەیی ساڵانەی "فیلم"ـی خوێندکارانی وڵاتی بولغارستانی پێ بەخشرا.

کورتە فیلمی "زێبح" لە دەرهێنانی هاوبەشی دوو دەرهێنەری کورد، بە ناوەکانی "ئاکۆ زەندکەریمی" و "سامان حوسین پوور" کە باس لە چیرۆکی ژیانی بنەماڵەیەکی هەژار دەکات، لە چواردەیەمین فستیڤاڵی نێونەتەوەیی ساڵانەی "فیلم"ـی خوێندکاران کە لە ژێر ناوی "Early Bird" لە شاری "سوفییە"ـی وڵاتی بولغارستان بەڕێوە چوو، خەڵاتی باشترین فیلمی ئەو فستیڤاڵەی پێ بەخشرا.

ئەو کورتە فیلمە یەکەم کاری هاوبەشی ئەو دوو دەرهێنەرە کوردەیە کە لە گوندەکانی "گواز" و "پایگەلان"ـی ناوچەی هەورامان بەرهەم هاتووە، بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە وێبلاگی تاکەکەسیی "سامان حوسین پوور" بڵاو کراوەتەوە، سرووشتی جوان و سەرەنجڕاکێشی هەورامان کاریگەرییەکی بەرچاوی لە هەڵبژاردنی ئەو کورتە فیلمە وەکوو باشترین فیلم و وەرگرتنی خەڵات لەو فستیڤاڵەدا هەبووە.

چواردەیەمین فستیڤاڵی نێونەتەوەیی ساڵانەی "فیلم"ـی خوێندکاران، بە بەشداری ۱۱۷ فیلم لە ٤۲ وڵاتی جیهان و لە چوار بەشی (چیرۆکی، ئەزموونی، بەڵگەنامەیی و ئەنیمەیشێن) پێکهاتووە، کە ڕۆژی سێشەممە ۸ی خەزەڵوەر بەرانبەر ۳۰ی ئۆکتۆبر، دەستی پێکردووە و ڕۆژی سێشەممە ۱۵ی خەزەڵوەر بەرانبەر ۶ی نۆڤامبر، کۆتایی پێدێت و ڕۆژی چوارشەممە ۱۶ی خەزەڵوەر بەرانبەر بە ۷ی نۆڤامبر، ڕێوڕەسمی کۆتایی فستیڤاڵەکە بەڕێوە دەچێت.

شایانی باسە کە بەرهەمەکانی ئەو دوو دەرهێنەرە کوردە بە شێوەی جیاجیا لە چەندین فستیڤاڵی ناوخۆیی ئێران و نێونەتەوەییدا بەشدارییان کردووە و وەکوو باشترین فیلمی ئەو فستیڤاڵانە هەڵبژێردراون و خەڵاتیان بەدەست هێناوە.

ئاکۆ زەندکەریمی، لە ساڵی ۱۳۷۲ی هەتاوی لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە و خوێندکاری کارناسی هونەرییە، هەروەها سامان حوسین پوور، لە ساڵی ۱۳۷۱ی هەتاوی لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، ناوبراو خاوەنی بڕوانامەی کارناسی سینەما، فوق دیپلۆمی گرافیک و هاوکاتیش فێرخوازی بەشی کامێرامانییە.