کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد، تێکشکێنەری ئاراستەی خۆبەدەستەوەدان لە ئێران

18:03 - 24 خەرمانان 2718

کەیوان دروودی

ئەزموونی کۆماری کوردستان و شۆڕشی ٥۷ ئەوە دەردەخات کە کوردستان توانای مۆبیلیزە کردن و ڕێکخستن و یەکخستنی کۆمەڵایەتیی لەهەر شوێنێکیتری جوغرافیای ئێران بەهێزترە و دەشێت هەر دەرفەتێکی هەندەکی ببێتە بەستێنێک بۆ دەرخستنی ئەم پوتانسییەلە. ئەوانەی ئاشنای مێژووی هاوچەرخی ئەم جوغرافیایەن دەزانن کە کوردستان ڕێکخراوترین بەشە لە ناو پێکهاتە جاجیاکانیدا.

لای ناوەندخوازەکان هەم کۆماری کوردستان و هەم خەباتی جەماوەریی ٥۷ لە کوردستان، وەک کەڵکاژۆ لە لاوازیی دەسەڵاتی ناوەندی پێناسە کراوە و جاروباریش لاقیان لەوەش زیاتر دادەکێشن و دەڵێن لە درزی ناکۆکیی نێوان حاکمییەت و وڵاتانی دژبەردا ئەم دیاردەگەلە سەری هەڵداوە.

لە کەس شاراوە نییە کە ئەم ئەتەکێتانە دەگەڕێتەوە بۆ فاشیزمی هێژمونخواز و خۆسەپێن، بەڵام پرسیاری جیددی ئەوەیە کە ئەم تێڕوانینە بۆ گشتایەتیی خەڵک چی بەدواوە بووە؟ بە پلەی یەکەم بڵاوکردنەوەی ئەو پرۆپاگاندایە ئامانجی زیاتر لێدانی رەوایی کۆمەڵایەتیی جووڵانەوەی کوردستانە. بەو واتایە کە گەرەکیانە وابنوێنن کە لایەنەکانی ناو بزووتنەوەی کورد، نوێنەرایەتیی کۆمەڵگەی کوردستان ناکەن.

هەر ئەمەش وای کردووە کە کوردستان لە پەکەیجێکی تایبەت وەکوو پرسێکی ئەمنیی لێ بێت. دەرهاویشتەی ئەم زنجیرە هۆ و بەرهۆیە بووەتە ئەوەیکە پرسی کورد و کۆمەڵی کوردی لە گشتایەتیی ئێران داببڕێ یان باشترە بڵێین داببڕێندرێ؛ بەڵام ئەگەر رۆژانی رابردوو وەک پێوەری بڕگەیەکی دابنێین، دەبینین کە بەڕوونی شیفتێکی بەرچاو و زەق لەم رووەوە هاتووەتە ئاراوە کە کاکڵی گشتایەتیی مەسەلەکەی لای هەمووان خستووەتە ژێر سێبەری خۆی.

هاوتەریبی لەسێدارەدانی چەند لاوی خەباتگێڕ، هێرشی راکێتی بۆ سەر بنکەوبارەگای حیزبە سیاسییەکان، مانگرتنی بەرچاوی خەڵک و گرتن و بەندکرانی هەڵسووڕاوانی بیاڤی مەدەنی لە پارێزەرەوە هەتا ژینگەپارێز وای کرد کە سەرەدەزووی گشتایەتیی مەسەلەکە کە ساڵانێکی زۆر لەژێر شاڵاوی پرۆپاگاندادا داشاردرابوو دەربکەوێ و بدۆزرێتەوە.

سەرەدەزووەکەش ئەوە بوو کە کوردستان پرسی حیزبێک، لایەن، رەوت یان گرووپێک نییە، بەڵکوو ئەکتێکی گشتگیری کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری و مێژووییە.

ئێستە ئیتر سەلماندنی ئەوەیکە مەسەلەی کورد لە کۆمار تا ئێستە شەڕانگێزییەکی رادیکاڵی تاکەکەسی و گرووپی بووە زۆر زەحمەتترە لە چاو جاران. تەنانەت وردەوردە رواڵەتە ناسراوەکانی ناو قەومی سەردەست زمانیان گۆڕیوە و بە مەسڵەحەت بێ یان بەبڕوا خەریکن ئەو سیگناڵە دەدەن کە کوردستان مەسەلەیەکی چەند قات گەورەتر لەوەیە کە تا ئێستە ناسێندراوە. بۆ نموونە مێهدی جەلالی تێهرانی باسی لەوە کردووە کە ئیتر سەردەمی تاکپەرستی لە ئێران بەسەر چووە و پێویستە گشتایەتیی خەڵک رێبەرایەتیی خەبات بەدژی سەرەڕۆیی ناوخۆیی لە کوردەکانەوە فێر ببێ! لەم رۆژانە هەشتاگی "من لەگەڵ کوردستانم" بە رێژەیەکی بەرچاو دەبیندرێ و ئەمەش واتە هەموو رێگاکان دەچنەوە کوردستان.

پێویستە ئەو تێکۆشەرانەی کە لە ناو بزووتنەوەی کوردستاندا دیارن بکەونە ناو کاناڵێک هەتاکوو زیاتر لەمەی هەیە رێگری بکەن لەوەی کە گشتایەتیی مەسەلەکە لە بزووتنەوەیەکی میللی - دێموکراتیک بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی نیزامی دابەزێندرێ و لە لایەکیترەوە رێگە خۆش بکەن بۆ ئەوەی کە میراتی درەوشاوەی کوردستان بکەن بە بنەمایەک بۆ پێکەوەگرێدانی هێزی جەماوەری ناو ئێران بە توانا ناوازەکانی بزووتنەوەی کورد.

ئەرکی هەر تاکێک لە ئێمەیە کە بەبێ ئەوەی هەڵچوون و شپرزەیی لە کاردانەوەماندا دیار بێت، بەستێنێکی لەبار بۆ ئەوە پێک بێنین کە لەمەودوا لە دەرەوەی کوردستانیش هێزی پشتیوان و یارمەتیدەرمان هەبێت. پشتگیریی بەربڵاو لە شەهید ڕامینی حوسەین پەناهی نیشانی دا کە ئەم ئامانجە، زۆریش لێمانەوە دوور نییە.

لەڕاستیدا ئێمە توانیومانە ئەو پەیڤە بەخەڵکی غەیری کورد بدەین کە جیا لە ملداکێشان و خۆبەدەستەوەدان، بژاردەیەکیتریش هەیە. ئەم پەیڤە لای بەشێکی بەرچاو له پێکهاتە جیاجیاکان بە روونی وەرگیرا و ناوەڕۆکەکەی دەقاودەق گەیشت. ئێستە کاتی ئەوەیە کە سەرجەم ئەوانەی هێشتا چاوێکیان لە کوردستانە دڵنیا بکەینەوە کە ئێمە نامانهەوێ ببین بە بەشێک لە ڤێنزۆئێلا.

بە ڕیز وەستانی ئاپۆڕەی خەڵک لە تاران بۆ وەرگرتنی جیرەی گۆشتی ماوەبەسەرچووی برێزیلی، سەندرۆمی هەڕەشەی نەخۆشیی تۆقێنەری خۆبەدەستەوەدانە کە کۆتاییەکەی بە ڤێنزوئێلایەکیتر دەگات، بەڵام خاڵی گرینگ بۆ ئێمە ئەوەیە کوردستان ئەو پوتانسییەلەی تێدایە کە ئاراستەی کۆمەڵ لە سەرتاسەری جوغرافیای ئێران لە خۆبەدەستەوەدان بەرەو ئاقاری خۆڕاگری بگۆڕێ و ئەمەش ناکرێ مەگەر بەوەی هەرچی زیاتر دۆست و پشتگیر و یارمەتیدەر بۆ خۆمان بدۆزینەوە.

ئەم دێڕانە چوارچێوەیەکی گشتیی روانینی نووسەرە بۆ ئەرزی واقێع و ئەو هەڵکەوتەیەی ئێستەی بزووتنەوەی کوردی تێدایە. بەدیوێکیتردا ئەگەرچی ئێمە تاقە یەکەیەکی بەرهەڵستکار و خەباتگێڕین و بەرامبەرەکەمان پشتی بە راسیزمێکی قێزەونی مێژوویی بەستووە، بەڵام لێکدانەوەی بارودۆخی خۆمان و هەلومەرجی گشتیی ناو جوغرافیای ئێران وادەخوازێ کە نەهێڵین بەتاقی تەنیا و بە تێچووی زیاترەوە ئەم رەوتە درێژە پێ بدەین و لە هەرچی ئامرازی بەردەست هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانج، کەڵک وەربگرین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.