کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردانی دانیشتووی یوونان هێرشە مووشەکییەکانی تارانیان مەحکووم کرد

12:15 - 20 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بەمەبەستی مەحکووم کردنی پەلامارە مووشەکییەکەی ڕێکەوتی 17ی خەرمانان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب لە شاری کۆیە و هەروەها ئێعدامی سێ لاوی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خۆپیشاندانێک لەلایەن کوردانی دانیشتووی وڵاتی یوونان بەڕێوە چوو.

بەپیی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 19ی خەرمانان لە ئاتێنی پێتەختی وڵاتی یوونان و لەبەردەم سەفارەتی رێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی خۆپیشاندانێک لە لایەن ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و ژمارەیەک لە حیزبە کوردستانی و ئێرانییەکان بەڕێوەچوو.

خۆپیشاندانەکە سەرەتا بە خوێندنەوەی سروودی ئەی شەهیدان و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی گەلی کورد دەستی پێکرد.

دواتر ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە لایەن بێهرووز دەلی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە خوێندرایەوە.  پاشان پەیامی هاوبەشی پێنج لایەنی چەپی ئێرانی بۆ مەحکووم کردنی هێرشی مووشەکی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات کە بووە هۆی شەهید و بریندار کردنی کۆمەڵێک کادر و پیشمەرگەی تێکۆشەری حیزب و لەسیدارەدانی سێ چالاکی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوێندرایەوە.

لە درێژەی ئەو خۆپیشاندانەدا پەیامێک لە لایەن ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی یۆنان خوێندرایەوە کە وێرای مەحکووم کردنی حکوومەتی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ گیانی پاکی شەهیدان بەڵێنیان نوێ کردەوە کە تا سەر وەفادار و درێژەپێدەری رێبازیان بن.

خۆپیشاندەران بە سووتانی ئاڵای پڕ لە تاوانی کۆماری ئیسلامی و دروشم گوتنەوە درێژەیان بە خۆپیشاندانەکە دا و داوایان لە ڕای گشتی جیهانی و بەتایبەت خەڵکی یوونان کرد کە کردەوە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی مەحکووم بکەن.