کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردانی هەر چوار بەشی کوردستان لە بەردەم نوێنەرایەتی UN کۆ بوونەوە

14:56 - 21 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ئێعدامی زیندانیانی سیاسیی کورد لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و هەروەها مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە لە بەردەم نوێنەرایەتی UN لە هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانێکی بەرین بەڕێوە چوو.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە شاری هەولێر لە بەردەم نوێنەرایەتی UN شوێنی خۆپیشاندانەکە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، کوردانی هەر چوار بەشی کوردستان، کەسایەتییە سیاسییەکان، چالاکانی سیاسی و مەدەنی، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هاووڵاتیانی مەدەنی خۆپیشاندانێکی بەرینیان لە بەردەم نوێنەرایەتی UN لە پێتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە برد.

لەو خۆپێشاندانەدا، خۆپێشاندەران بە هەڵگرتنی پلاکارد، وێنەی شەهیدانی مووشەکبارانی ڕێژیمی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران و ئێعدامی زیندانیانی سیاسیی کوردیان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانە مەحکووم کرد.

ئەو خۆپیشاندانە بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ئێعدامی زیندانیانی سیاسیی کورد لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و هەروەها مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە لە بەردەم نوێنەرایەتی UN لە هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانێکی بەرین بەڕێوە چوو.

لەو خۆپیشاندانەدا، نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان بەشدار بوون و لە پەیامەکانیاندا هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێرانیان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات مەحکووم کرد و جەختیان کردەوە کە ڕێژیمی ئێران مەحکووم  بە نەمان  و ڕووخانە.

هاوکات خەڵکی تێکۆشەری کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بۆ بێزاری دەربڕین و نا گوتن بە ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران و مەحکووم کردنی هێرش بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و هەروەها ئێعدامی زیندانیانی سیاسیی کورد، دەستیان دایە مانگرتن.

خەڵکی قارەمانی کوردستان، دوای هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران و ئێعدامی زیندانیانی سیاسیی کورد لە ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، بڕیاریان دا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بە مەبەستی مەحکووم کردنی ئەو کردەوە تێرۆیستییەی ڕێژیمی ئێران دەرگای دوکان و بازارەکان دابخەن و شەقامەکان چۆڵ بکەن.

ناوندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران چەند ڕۆژ پێش لە بەیاننامەیەکدا داوای لە خەڵکی کوردستان کردبوو کە بۆ مەحکووم کردنی ئەو کردەوە تێرۆریستییەی ڕێژیمی ئێران مان بگرن و نا بە ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران بڵێن.

لە دوای ئەو بانگەوازە خەڵکی سەرانسەری کوردستانی ڕۆژهەڵات بە شێوەیەکی بەرین دوکان و بازارەکانیان داخستووە و "نا"یان بە ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران گووت.