کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان بەرەو کوێ؟

18:09 - 5 خاکەلێوه 2718

هادى عه‌زیزی بۆكانی

ڕۆڵی رۆژهەڵاتی کوردستان چییە؟

نزیک دوو ساڵ لەمەوبەر کاتێک لە کۆبوونەوەی مسکۆ، کە لەژێر ناوێکی شانۆیی بە ناوی شەڕ دژی داعش و لە بەرەیەکیش وەک دیتنەوەی رێگایەک بۆ قەیرانەکانی سوریا، حیزبەکانی کوردستان بە زۆرینە بانگهێشت کران.

پێش ئەو کۆبوونەوانە سیامەند موعینی وەک کەسی تازە هەڵبژێردراوی پژاک، سەردانی هەموو حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کرد هەتا جۆرێک دۆستایەتی نوێ لە دوای قسە ناسیاسییەکانی ڕەحمان حاجی ئەحمەدی، دابمەزرێنێتەوە.

دوای ئەو دیدارانە، چارتی ژێر دەسەڵات و سیاسەتی پ.ک.ک لە بەشەکانی کوردستان وەک بانگەواز و بانگهێشتێک کۆبوونەوەیەکیان لە مسکۆ رێکخست.

لە سەر داواکاری بۆ کۆبوونەوەکە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە نابێت و ئەمەش جۆرێک لە بڕیاردانی سەربەخۆی حدکای بەرەوڕووی ئەوان کردەوە.

لە ڕۆژانی کۆبوونەوەدا، قاسم سلێمانی بۆ سەردانێکی لە ناکاو گەیشتە مسکۆ و لە ڕێی مسکۆوە ئەو پیلانەیان داڕشت کە ئەوە بە گوێی نێردراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دابدەن، کە دەبێ ئێرانیش لە کۆبوونەوەکانی چارەسەری قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوین بەشدار بێت کە دواتریش هەر ئەوەی لێ ساغ بۆوە و بڕیار درا جیا لە ئیسلامییە تێرۆریستەکان هەموو لایەنەکانی جیران و دەوروپشتی شەڕی داعش دەتوانن بەشدار بن.

ئەو کات نێوانی پ.ی.د و ه.د.پ لەگەڵ رووسیا باشتر بوو لە نێوانی تورکیە و رووسیا، کە دوای سیناریۆی کودتاکەی تورکیە لەژێر ناوی دەوڵەتی شاراوە و ژێنێڕاڵەکانی ئەرگەنەکۆندا، ئەو ئاراستەیە گۆڕدرا و بەتایبەت لە دوای گیرانی سەلاحەدین دەمیرتاش، کەوانی دۆستایەتی تورکیە لە رووسیا نزیکتر بۆوە، هەتا ئەو ئاراستەیەی کە پاشەکشەی رووسیا پێش داگیرکرانی عەفرینی بەدوادا هات.

ئەم کۆبوونەوانەی رووسیا دەتوانرێت بە پیلانی یەکەم دابنرێت کە بەگشتی نەتەوەی کوردی گرتەوە.

پێش رێفراندۆمی باشووری کوردستان، کۆبوونەوەیەکی بەناو سێ قۆڵی و لە حەقیقەتدا چوار قۆڵی لە تارانی پێتەختی ئێران بەڕێوەچوو، کە هەموو داگیرکەرانی کوردستان، لە سەر یەک خاڵی هاوبەش کە دژایەتی نەتەوەی کورد بوو ڕێککەوتن؛ ئەو دانیشتنە بە ناوی تورکیە و ئێران و عێراقەوە بەڕێوەچوو، کە ئێران نوێنەرایەتی حکوومەتە لاوازەکەی بەشار ئەسەدیشی دەکرد.

پیلانی یەکەم بۆ لێدانی کەرکووک و خنکاندنی کورد لە باشووری کوردستان دەستی پێکرد و دەسەڵاتی کوردیان بۆ سنوورەکانی پێش ساڵی ٢٠٠٣ و پێش ڕووخانی سەدام حسەین گەڕاندەوە.

شەڕی دووهەم کە تێیدا سەرکەوتوو نەبوون، شەڕی ئەو خاڵە سنوورییانە بوو کە پێشمەرگەی باشوور و هێزی ی.پ.گ پێکەوە هاوسنوور بوون، هەتا حکوومەتی عێراق بۆخۆی ڕاستەوخۆ کۆنتڕۆڵی ئەو سنوورانە بکات، ئەویش کاتێک گرینگی ئەو سنوورانە دەرکەوت کە لە شەڕی عەفریندا، ئامریکا لە ڕێگەی ئەو سنوورانەوە چەکی بۆ کوردانی رۆژئاوا لە شەڕی دژی تورکیا دەگواستەوە.

شەڕی سێهەم، شەڕی عەفرین بوو کە بە کشانەوەی رووسیا و بێدەنگی ئامریکا، سەرەڕای بەرگری کردن، عەفرین داگیر کرا و لە ئێستاشدا بە بیانووی هەبوونی پ.ک.ک لە شنگال و قەندیل دەوڵەتی تورک دەیهەوێ چنگ بۆ باشووری کوردستانیش ڕابکێشێ.

خاڵی جێی سەرنج لێرەدا ئەوەیە کە سەرەڕای ئەوەیکە پ.ک.ک هەڕەشەی هەموو دنیای لە تورکیە دەکرد، هەم عەفرینیان لە دەست دا و هەمیش نەیانتوانی بستێک لە خاکی ناوچەی شەمزینان بگرنەوە. هاتنی تورکیە بەرەو چیای کارۆخ و جێگیربوونی سپای پاسدارانی ئێران، لە ناوچەی جاسووسان و چوونە ناوەوەی هێزی ئێرانی و حیزبوڵای لوبنان بۆ نێو عەفرین، لەژێر ناوی هێزی حکوومەتی سوریەدا، خاڵێکی نامۆی لە سیاسەتی پ.ک.ک درووست کرد کە جۆرێک بێ متمانەیی لە لای ئامریکا بەرامبەر بە کوردی رۆژئاوا لێکەوتەوە کە ڕەنگە ئەمە بەشێک لە بێدەنگییەکەی ئامریکاش بێت. ئەوەی جێی ئاماژەیە حەقیقەتی ئەو سیاسەتەیە کە، ئامریکا ناتوانێ هاوپەیمانیی هێزێک بکات، کە پەیوەندی لەگەڵ ئێران و سوریا یان بە واتایەک پەیوەندی لەگەڵ دوژمنانی ئامریکا هەبێت.

بێدەنگی ئامریکا لە کەرکووکیش ئەو کاتە هاتە ئاراوە، کە حکوومەتی هەرێم وەک کارتێکی پێچەوانە قەراردادی لەگەڵ رۆزنەوتی رووسەکان بەست و بەو واژۆیەش ڕووی لە ئامریکا وەرگێڕا، کە تەنیا وەڵامی ئامریکا لە کاتی داگیرکەرانی کەرکووکدا ئەوە بوو کە ئاگایان لە دۆخەکە هەیە و لە سەر یەکێتی خاکی عێراق پێداگرییان دەکردەوە.

لە ئێستادا، ئامریکا لە عێراق خۆی بە دۆڕاو دەزانێ، چوونکە وەک ترامپ باسی دەکا ئەوان شەڕی عێراقیان کرد، بەڵام ئێران دەستی بەسەردا گرت.

لە جەبهەی یەمەن و بەحرەین و سوریەش ئامریکا بەو شێوەیەی هەبووە، سەرکەوتوو نەبووە و لە ئێستادا ئەوەیکە پشتیوانی لێ بکا بڕیارەکانی پاشای سعوودی مەلیک سەلمانە، کە دژایەتی ئێران دەکات و تەنانەت ڕەنگە بۆ دوورخستنەوەی عێراقیش لە ئێران، لەگەڵ بەغدا کۆ ببێتەوە.

تەواوی ئەو پێشهاتانە خاڵێکی نامۆی لە سیاسەتی باشوور و رۆژئاوای کوردستاندا، درووست کردووە و باکووریش بە هەمووی مێژووی خۆی و پ.ک.ک هیچ کات ئەوەندە لاواز نەبووە.

بەڵام ئێمەی رۆژهەڵاتی کوردستان...

لە ئێستادا و لە دوای پێکهێنانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، یان بە واتایەک وەک ئەوەی ئامریکا کاتی خۆی ئارەزووی دەکرد، ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستانی ئێران، هاوپەیمانییەکی تا ڕادەیەک ئارام لە ئاستی یەکگرتوویی هەست پێدەکرێ.

کە هەتا ئەو کاتەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، سپایەکی نیشتمانی هاوبەش پێک نەهێنن، ئەو متمانەیە لەنگەری خۆی ناخا.
لەم چەند ساڵەدا، ئەوەی بەرۆکی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی گرتووە، بە پلەی یەکەم باکوورتەوەرەکانن کە بە روانینێکی وەهماوی لە سیاسەت، یارمەتی بە خەباتی کورد لە رۆژهەڵات نادەن.

خاڵی دووهەم، باشوور تەوەرەکانن، کە دەیانهەوێ روژهەڵات وەک پیلانی سەردەمانی چلەکانی هەتاوی، ژێرچەپۆکەی باشوور بێت و هیچ کات نەتوانێ بۆ بەرژەوەندی رۆژهەڵات، بڕیاری سەربەخۆ بدات.

ڕەوتی سێهەم، ئێران تەوەرەکانن، کە وەک باکوور تەوەرەکان، لە دەماری ئێحساسەوە، هەموو باسێک دەوروژێنن، بەڵام تەنانەت ناوێرن باسی کوشتنی کۆڵبەرێکی ئاساییش لە ڕۆژهەڵات بکەن.

جیا لەم خاڵانە، وەگەڕکەوتنەوەی ماشینی تێرۆری رێژیمی کۆماری ئیسلامی دژی خەباتکارانی رۆژهەڵات، هۆکارێکی دیکەیە کە بەهۆی ئابووریی خراپ و تا ڕادەیەک بێ دەسەڵاتی باشووری کوردستان، کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

سەڕەرای ئەو هەموو ئاستەنگ و چەڵەمەیەی بەردەم خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام ئەوەی پێویست بکا ئەوەیە کە ئەم بزووتنەوەیە نابێ ڕابوەستێ و تەنانەت لە دۆخی ئێستاشدا، بە گۆڕانی کابینەی ترامپ و هاتنەوە کایەی کاراکتەرانی دژی ئێران، ناکرێ هیوای خەباتی رۆژهەڵات بەو پێوەرانە هەڵچندرێ، چوونکە ئەگەر لە سەر ئەو گۆڕانکارییانە بوایە، دوای ئەفغانستان و عێراق دەبوو، نۆرەی ئێران بوایە کە تا ئێستا پازدە ساڵ تێپەڕیوە و هیچ شتێکیش نەهاتووەتە گۆڕێ.

کەوابوو ئێمەی رۆژهەڵاتی وەک رێکخستنەوەی ئازایانە و بەپەلە پێش رووداوی گەورەتر لە باشووری کوردستان، دەتوانین لە ئەزموونی وڵاتی ئیسراییل کەڵک وەرگرین و لە دوو خاڵدا بتوانین سەرکەوتنی سەرەتایی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، مسۆگەر بکەین.

یەکەم، پێکهێنانی ژووری ئاسایشی نەتەوەیی کوردستانی ئێران
دووهەم، ڕێکخستنی سپایەکی هاوبەش لەژێر چەتری ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.