کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان لەگەل شەهیدانی بێرلین پەیمان نوێ دەکاتەوە

13:03 - 24 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ شەهیدانی بێرلین پەیمان نوێ دەکەنەوە و بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی یادیان بەرز ڕادەگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری سەقز، لە بەرەبەری هاتنی ڕۆژی ٢٦ی خەرمانان، ساڵیادی تێرۆرکرانی ڕێبەری گەورەی گەلی کورد، شەهید دوکتور "سادق شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی لە بێرلین، بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی، وەفادارییان بە ڕێبازی شەهیدان نیشان دا.

لەو چالاکییەدا تێکۆشەرانی دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بەو ڕۆژە، ئەو یادەیان بەرز ڕاگرت و بێزاریی خۆیان لەو جینایەتە دەربڕی.

ئەو شوێنانەی کە چالاکیی لێ ئەنجامدرابوو، بریتی بوون لە: "پارکی شار، پارکی کەوسەر، بەردبڕان و بلواری وەحدەت".

هەر لەو پێوەندییەدا، چیاباوەڕانی دێموکرات لە شاری بۆکان، بە بۆنەی هاتنی ساڵڕۆژی تێرۆرکرانی دوکتور "سادق شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی، بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی بە شێوەی بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت، یادی ئەو ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت.

ئەو شوێنانەی چالاکیی لێ ئەنجام درابوو، بریتی بوون لە: "موجتەمەعی ئیداراتی دەوڵەتی، بنکەی سپای تێرۆریستی پاسداران، شەقامی فەرمانداری، شەقامی سەقز و پاساژی شارەداریی بۆکان".