کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان لەگەڵ ڕێبازی شەرەفکەندی پەیمان نوێ دەکاتەوە

13:14 - 25 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی، یادی "شەهیدانی میکۆنۆس" بەرز ڕادەگرن و ئەو جینایەتە مەحکووم دەکەن و لەگەڵ شەهیدان پەیمانی وەفاداری نوێ دەکەنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پێشمەرگەکانی شار لەسەر ڕێگای سەرەکیی نێوان مەهاباد بۆ میاندواو، لە شوێنێک بە ناوی "گردە ڕەش"، نزیک بە شاری میاندواو، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لەو چالاکییەدا، تتێکۆشەرانی دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بە ساڵیادی تێرۆرکرانی دوکتور "سادق شەرەفکەندی" و هەروەها دانانی جامانە، بوون بە مایەی دڵگەرمیی خەڵک و ترسیان خستە نێو دڵی داگیرکەرەوە.

ئەو چالاکییە بووەتە هۆی ترسی ڕێژیم، بەجۆرێک کە هێزێکی زۆری سپای تێرۆریستی پاسداران لەو شوێنەدا جێگیر بووە و خاڵی پشکنینیان داناوە و خەڵک دەپشکنن.

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی ڕەشەمە، چاونەترسانی دێموکرات لە شارۆچکەی "دزەی مەرگەوەڕ"، سەر بە شاری ورمێ و لەسەر جادەی گوندەکانی "خوراسپ، گێسیان و واژاراوەی مەرگەوەڕ"، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەروەها ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری بۆکان بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و دانانی جامانە و بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری ٢٦ی خەرمانان، یادی شەهیدانی میکۆنۆسیان بەرز ڕاگرت و بێزاریی خۆیان لە ڕێژیمی تێرۆریستپەروەری ئێران دەربڕی.

ئەو شوێنانەی کە چالاکیی لێ ئەنجامدرابوو بریتین لە: "سەیرانگای کێوەڕەشی بۆکان، شێخلەر، گوندی تەرەغە، پاشبڵاغ، عەزیزکەند، دنگز، ڕێگای چوونەسەرەوەی کێوی تەرەغە، نۆبار، سەیدئاوا" و چەند شوێنی دیکە لەو ناوچەیەدا.

هەر بەو بۆنەیەوە، پۆڵاباوەڕانی دێموکرات لە مەریوان، بە نووسین و بڵاو کردنەوەی دروشمی تایبەت بە ٢٦ی خەرمانان، یادی ڕێبەری شەهیدیان بەرز ڕاگرت.

دروشمەکانی ئەو چالاکییە بریتی بوون لە: "دوکتور سەعید، شکۆیەک لە باوەڕ، پێناسەیەک بۆ خەبات؛ تێرۆریزم ناسنامەیەک بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ شەرەفکەندی خەرمانێک لە ڕاستگۆیی و ئەمەگناسی؛ درێژەدان بە ڕێبازی نەتەوەیی دێموکراتیکی ڕێبەرانی شەهیدمان ئەرکێکی نەتەوەییە؛ یاد و بیرەوەریی ڕێبەرانی شەهیدمان بە درێژەدانی ڕێبازیان بەرز ڕادەگرین و ڕاسان بەردەوامە".

لە چالاکییەکی دیکەدا، ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی لە شاری سنەی کاکۆ، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بە ٢٦ی خەرمانان و لۆگۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شەقامەکانی "وەکێڵ" و "ئەردەڵان"، یادی شەهیدانی میکۆنۆسیان بەرز ڕاگرت.

هەروەها خاکیپۆشانی دێموکرات لە شاری مەهاباد بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی بە شێوەی نووسین و بڵاوکردنەوەی دروشم و هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، ڕێزیان لە شەهیدانی ٢٦ی خەرمانان گرت.

دروشمەکانی ئەو چالاکییە بریتی بوون لە: "دوکتور سەعید، شکۆیەک لە باوەڕ، پێناسەیەک بۆ خەبات".

هەر لە چوارچێوەی ئەو چالاکییانەدا، قارەمانانی دێموکرات لە گوندی سینگانی شاری شنۆ، بە نووسینی دروشم لەسەر دیوار، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان ئەنجام دا.

دروشمەکانی ئەو چالاکییە بریتی بوون لە: "بژی ڕاسان، بژی پێشمەرگە و بژی شەرەفکەندی".