کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورەی باشوور، بۆ دووهەمین جار هاوردەکردنی نەوتی لە ئێران بە سیفر گەیاند

11:08 - 25 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: کورەی باشوور، دوابەدوای ڕاگەیاندنی سزاکانی ئامریکا و پێش لە وەگەڕخرانەوەی خولی دووهەمی گەمارۆوەکان، هاوردەکردنی نەوتی لە ئێرانەوە کەم کردەوە؛ لە مانگی ئۆکتۆبرەوە، ئەمە دووهەمین جارە ئەم وڵاتە هاوردەکردنی نەوتی بە سیفر گەیاندووە.

بەپیێ ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، کورەی باشوور، لە مانگی ئۆکتۆبرەوە هەتا مانگی سێپتامبر، بۆ دووهەمین جار هاوردەکردنی نەوتی لە ئێرانەوە گەیاندووەتە ئاستی سیفر و چیدیکە لەم وڵاتە هیچ مادەیەکی سووتەمەنی هاوردەی وڵاتەکەی خۆی ناکات.

هۆکاری سەرەکیی ڕاگرتنی هاوردەکردنی نەوت لە لایەن کورەی باشوورەوە دەگەڕێتەوە بۆ سزا دیاریکراوەکانی ئامریکا کە پاش هاتنەدەرەوە لە بەرجام و وەگەڕخرانەوەی دووبارەی گەمارۆوەکان لە لایەن ئەم وڵاتەوە دیاری کراون.

کورەی باشوور بۆ قەرەبووکردنەوەی هاوردەکردنی نەوت، ڕووی لە وڵاتی عەرەبستان کردووە، بە شێوەیەک کە چاوەڕوان دەکرێت هاوردەکردنی نەوت لەمساڵدا و لە وڵاتی عەرەبستانەوە بۆ کورەی باشوور، ٣/٥٤ لەسەد زیاد بکات.

لە لایەکی تریشەوە، کۆمپانیای نەوت و گازی Wintersha ی ئاڵمانیش، بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، چالاکیی خۆی لە ئێران ڕاگرت.

یەکێک لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەم کۆمپانیایە بە هەواڵدەرییەکانی ڕاگەیاندووە: " کە بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا دژی ئێران، ڕاستگۆیانە دەڵێم کە چیدیکە ئەم کۆمپانیایانە ناتوانن لە ئێراندا کار بکەن. بۆ ئێمە دەستپێڕاگەیشتن بە بازاڕی ماڵی گرینگە و پێویستە کە یاساو ڕێساکان بە شێوەی بەردەوام ڕەچاو بکەین، ئێمە بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا ناچار بووین کە چالاکییەکانی خۆمان لە ئێران ڕابگرین".

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، کۆمپانیای "لۆکۆیلـ"ـی ڕووسیەش ڕایگەیاند، کە تا کاتی نەمانی گەمارۆوەکان، هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕێژیمی ئێران واژۆ ناکات.

لە مانگەکانی ڕابردوودا ، هەناردەکردنی نەوت لە ئێرانەوە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بە خۆیەوە بینیوە و لەسەر ئابووریی ئێران کاریگەریی زۆری داناوە؛ زۆربەی کۆمپانیاکانیش پاش وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئەم وڵاتەیان بەجێ هێشت و چیدیکە هاوکاریی ناکەن.