کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوودێتای پاسداران

20:31 - 15 رەشەمه 2718

کەریم پەرویزی

وشەی کوودێتا، دەستەواژەیەکی فەرانسەوییە کە بە واتای دەست بەسەرداگرتنی دەسەڵات لەرێگەی بەکارهێنانی هێزەوە دێ. ئەم وشە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا زۆرتر بۆ ئەو جۆرە دەسەڵاتانە بەکار دەچێ کە هێزی نیزامیی وڵاتێک، لە رێگەی بڵاوەپێکردنی هێز و چاوترسێنکردنی سیاسییەکان و کۆنترۆڵی رادیۆ و تلویزیۆنەوە، دەسەڵات دەگرنە دەست و دەسەڵاتێکی نیزامی رادەگەیەنن.

نموونەی ئەم جۆرە دەسەڵات بەدەستەوەگرتنە هەم لە جیهان و بەتایبەت جیهانی رۆژهەڵاتیدا زۆرە و هەم لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆرجار دووپات بۆتەوە و لە ئێرانیشدا رابردوویەکی پڕ لە دەسەڵاتی نیزامیی هەیە. لەو کوودێتایەی رەزاخانەوە بگرە تاکوو کوودێتای گەلاوێژی ١٣٣٢ و کوودێتای خومەینی لە رێگەی فەتوای جیهاد بە دژی کورد و دواتر دەرپەڕاندنی بەنی سەدر و شەڕی سەرتاسەری لەگەڵ موجاهیدینی خەڵک، وڵاتی ئێران پڕاوپڕ بووە لە خوێنڕێژی و کوودێتا.

ئەوەی جێگە باسی ئەم بابەتەیە، باسکردنە لە دەنگۆی کوودێتای سوپای پاسداران لەم قۆناخەدا. هەرچەند زۆرجار لە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵی رابردوودا باسی کوودێتای سوپا ورووژێندراوە و یەکەم جارەکان لە دەیەی حەفتای هەتاوی، ئەوکات کە بەشێک لە رێژیم لە ژێر ناوی ئیسڵاحاتدا خەڵکی فریو دەدا، زۆر باسی کوودێتای سوپای پاسداران دەکرا و تەنانەت نامەی فەرماندەکانی سوپاش بۆ خاتەمی بڵاوکرایەوە. لەم دەورەیەشدا و لە کاتی وتووێژ لەگەڵ وڵاتانی رۆژاوایی و کەوتنە گەمارۆی زیاتری رێژیمەوە باسی کوودێتای سوپا دووبارە دەورووژێندرێتەوە!

ئەوەی لەبارەی کوودێتا وەهمی و خەیاڵیەکەی سووپای پاسدارانەوە دەبێ لێی ورد ببینەوە ئەوەیە کە:

یەکەم، هەرکات رێژیم هەوڵی چەواشەکاریی داوە، بۆ خوێنشیرینکردنی لایەنێک لە نێو رای خەڵکدا، گووتوویانە کە سوپای پاسداران دژی ئەوە؛ بۆ وێنە باسی دژایەتیی سوپا بۆ خاتەمی یان رووحانی کراوە! یان گوتراوە ئەوە سوپا لە کارەکانی خاتەمی و رووحانی نارەحەتن و ئەگەری کوودێتایان هەیە. بیست ساڵیشە، هەر دەڵێن ئەگەری کوودێتا هەیە و سوپای پاسداران بە دژی خاتەمی و رووحانی هێزیان نەجووڵاند و تانکیان نەهێنایە سەر شەقام، بەڵام هەموو هێزێکی خۆیان و رووسیە وچینیان بە دژی لاوانی ناڕازی وەگەڕ خست و نەک کوردستان و ئەحواز و بەلووچستان، بەڵکوو شەقامەکانی تارانیشیان بە تانک و زرێپۆش داگیر کرد لە ترسی خەڵک! شەقام نیشان دەدا کە سوپا لە چی ناراحەتە نەک چەواشەکاریی ئیسڵاحتەڵەبانی رێژیم!

دووهەم، سوپای پاسداران بە بێ جووڵاندنی هێز، هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی لە ئێراندا بە دەستە و هەوسارەکەشی بە دەستی وەلیی فەقیهە! وەلیی فەقیهی خاوەنی هەموو دەسەڵاتێک و سوپای پاسدارانی ئامادە لە هەموو قوژبنێک تەنانەت لە قاچاخی سەر سنوور و بازاڕی نەوت و خانوو و ئیمامزادەکاندا! کوودێتا بە دژی کێ بکەن! ئەمە لە کاتێکدایە کە هەمیشە کەسێکیان پێویستە کە لە نێوخۆ بڵێن ئەوە وەزعی خراپی ئابووری، تاوانەکەی بۆ سەرکۆماری دیکۆری دەگەڕێتەوە و لە دەرەوش بە بزە و پێکەنینەوە رای جیهانی فریو بدا!

دەسەڵاتێکی رەها لە دەستی وەلیی فەقهیدا و هەموو سامان و داهاتی وڵاتیش لە ژێر کۆنترۆڵی سوپادا بێ و سیمایەکی دیکۆریش بۆ ئەشکاندنەوەی هەموو کەموکووڕییەکان بەسەریدا و سیمایەکی دەرەکیش دەمامکی بزە بێ و پاکانە بۆ جینایەتەکانی رێژیم بهێنێتەوە، لەم سیستمەدا کێ دژی خۆی کوودێتا دەکا!؟ وەهمی کوودێتای سوپا تەنیا دەنگۆیەکە بۆ چەواشەکاری و ترساندنی خەڵک و مەشرووعیەتی درۆینە و دابینکردن بۆ دیکۆری سەرکۆماریی و وەزیرەکان.