کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کچەکان لە ئێراندا دەبێ واز لە خوێندن بهێنن

12:13 - 26 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: بەهۆی ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران بایەخ بە پرسی پەروەردە و بارهێنان نادات، قوتابییان لە کوردستان و ئێراندا تووشی کێشەی جیددی بوونە و بە ناچاری واز لە خوێندن دەهێنن.

بەهۆی ئەوەیکە لە گوندی "چیلتە"ی ناوچەی "دوورا"، سەر بە شاری "لوردەگان" لە پارێزگای چوار مەحاڵ و بەختیاری، مامۆستا نییە، کچانی ئەو ناوچەیە ناتوانن دەرس بخوێنن.

قوتابییانی کچانی ئەو ناوچەیە هەتا قۆناغی سەرەتایی و کوڕەکانیش هەتا قۆناغی ناوەندی دەتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.

قوتابییانی ئەو گوندە تەنیا بەهۆی ئەوەیکە مامۆستای قوتابخانەیان نییە، ناتوانن دەرس بخوێنن.

لە ئێراندا کەمیی مامۆستا هەیە و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە باسیان لەوە کردووە لە ئێستادا ئێران لەگەڵ کەمیی مامۆستا بەرەوڕوویە، ئەگەر ئەو ڕەوتە درێژەی هەبێت، ئێران هەتا ٥ ساڵی دیکە تووشی سۆنامیی بێ مامۆستایی دەبێت.

دانپێدانانی ‌کەمیی هێزی مرۆیی لە سیستمی پەروەردە و بارهێنان لە کاتێکدایە کە بەپێی ئامارەکان، دەرچووانی زانکۆکان زیاترین ڕێژەی بێکارانی ئێران پێک دێنن.

لە هۆکارەکانی ئەم قەیران و گرفتانەدا دەکرێت ئاماژە بەوە بکرێت کە زانکۆکان بودجەیان کەمە و گرانی لە بازاڕدا وای کردووە کە دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن بۆ زانکۆکان ئەستەم ببێتەوە.