کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کڕینی جامانە گیرانی دووکەسی لێکەوتە

15:39 - 26 رەشەمه 2716

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەبەرەبەرەی نەورۆزدا دەستی داوەتە گرتنی هاووڵاتیانی کورد.

لە هەواڵێکدا کە گەیشتووەتە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوو هاووڵاتیی دانیشتووی شارەکانی ورمێ و سەقز لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

شوناسی ئەو دوو لاوە؛ ڕەزا سەلیمی و هێرش ڕەسووڵی ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوەی ئەم هەواڵە باس لەوە دەکات کە؛ هۆکاری گیرانی ئەو کەسانە، کڕینی جامانە لە بازار و پڕۆپاگەندە بۆ حیزبە کوردییەکان بووە.

جامانە کە سەرپێچێکی پیاوانەیە لە شۆرشی کوردستاندا بووەتە هێمای خەبات و بەرخۆدان و لەلایەن کچان و ژنانیشەوە کەڵکی لێ وەردەگرێت.

دەستبەسەرکراوانی ورمێ و سەقز لەلایەن لیباس شەخسییەکانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و چارەنووسیانە ناڕوونە.

هەروەها زانیارییەکان باس لە فەزای ئەمنییەتی لە شارەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان دەکەن کە ئامادەکاریی بۆ بەڕێوەبردنی شکۆمەندی نەورۆزی ١٣٩٦ هەتاوی لەئارادایە.

خەڵکی کوردستان لەپاش ڕێوڕەسمی چەند ڕۆژی ڕابردووی پاڵنگان وەک وەفا و پاڵپشتییەک بۆ پێشمەرگە، بڕیاریان داوە کە ساڵی نوێی هەتاوی، جامانە بکرێتە هێمای نەورۆزی ٩٦.